رێکخراوی تەندروستیی جیهانی ئاماری قوربانیانی جەنگی سوودانی راگەیاند؛ 'نۆ منداڵ لەنێو قوربانییەکاندان'

لۆگۆی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی
لۆگۆی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی

K24 - هەولێر:

رێکخراوی تەندروستیی جیهانی ئاماری قوربانیانی جەنگی سوودانی راگەیاند و ئاماژە بەوەدەدات، زیاتر لە 400 کەس کوژراون، کە نۆیان منداڵن.

رێکخراوی تەندروستیی جیهانی ئامارەکانی تایبەت بە قوربانیانی جەنگی نێوخۆیی سوودان، کە لە نێوان سوپای ئەو وڵاتە و هێزەکانی پشتیوانی خێرا بەردەوامە، راگەیاند.

بەگوێرەی داتاکانی ئەو رێکخراوە، تا ئێستا بەهۆی ئەو جەنگەوە، 413 کەس کوژراون و سێ هەزار و 55 کەسی دیکەش بریندارن. بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، تا ئێستا نۆ منداڵ بەهۆی جەنگە نێوخۆییەکەی سوودانەوە گیانیان لەدەستداوە.

لەلایەکی دیکەوە، سوپای سوودانیش ئاشکرایکرد، هێزەکانی پشتیوانی خێرا هەڵیانکوتاوەتە سەر چەند بەندینخانەیەک و مەترسی ئازادکردنی چەندین زیندانی مەترسیدار هەیە و بوونەتە رێگریش بۆ کشانەوەی هاوڵاتیانی بیانی لە وڵاتەکە.

هاوکات رۆژی چوارشەممە 19ـی نیسانی 2023، تێدرۆس ئادانۆم، بەڕێوەبەری گشتی رێکخراوی تەندروستی جیهانی ئاشکرایکرد، دۆخی سوودان زۆر جێگای نیگەرانییە و بەشێک لە نەخۆشخانەکانی سوودان بەهۆی شەڕ و کەمی کارمەندان و پێداویستی پزیشکییەوە داخراون.

بەڕێوەبەری گشتی رێکخراوی تەندروستی جیهانی گوتی: ئیدانەی هەموو کوشتنەکان دەکەین و هاوسۆزی خوشک و برا سوودانییەکانمانین.

تێدرۆس ئادانۆم رایگەیاند، راپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەدەن، هەندێک لە بنکە تەندروستییەکان تاڵانکراون و هەندێکیش بۆ مەبەستی سەربازی بەکاردێن. بەهۆی شەڕ و کەمی کارمەندان و پێداویستی پزیشکیش بەشێک لە نەخۆشخانەکان داخراون یان لە لێواری داخستنن

لە بەیانی 15ی نیسانی 2023، لە خەرتووم پایتەختی سوودان و چەندین شاری دیکە پێکدادان لەنێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا سەریهەڵدا.

ئەو ناکۆکییانەی لە چەند مانگی رابردوودا دەربارەی چاکسازی سەربازیی لە ئارادابوون و تییادا پێشنیاز کرابوو هێزەکانی پشتیوانی خێرا "بەتەواوی ببێتە بەشێک لە سوپا" گۆڕا بۆ پێکدادان.

وەزارەتی دەرەوەی سوودان ئەوەی راگەیاند، عەبولفەتاح ئەلبورهان، سەرۆکی ئەنجوومەنی سەروەری و  فەرماندەی سوپا راژەی هێزی پشتیوانی خێرای هەڵپەساردووە و وەک هێزێکی یاخی لە دەوڵەت رایگەیاندووە، لەسەر ئەم بنەمایەش سوپا رەفتارەی کردووە.