شیعرێكی وه‌زیری نوێی ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا توركیای نیگه‌ران كرد
K24 - هه‌ولێر:
به‌رپرسێكی باڵای توركیا رایگه‌یاند، توركیا هیچ رێكارێك له دژی لێدوانه‌كانی وه‌زیری نوێی ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا ناگرێته به‌ر، كه پێشتر له شیعرێكدا به "خراپ" وه‌سفی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغانی سه‌رۆكی توركیای كردووه.
بۆریس جۆنسۆن، وه‌زیری نوێی ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا و شاره‌داری پێشووی له‌نده‌ن، به شیعرێك به‌شداری پێشبڕكێیه‌كی كردبوو، كه له‌لایه‌ن گۆڤاری "سپێكته‌یته‌ر"ی به‌ریتانیا رێكی رێكخرابوو.
جۆنسۆن له شیعره‌كه‌یه‌دا، هێرشی كردووه‌ته سه‌ر ئه‌ردۆغان و توركیا.
به‌رپرسێكی باڵای توركیا، له‌م باره‌یه‌وه رایگه‌یاند، لێدوانه نه‌رێنییه‌كانی جۆنسۆن له باره‌ی توركیا و ئه‌ردۆغان، جێگه‌ی قه‌بوڵكردن نین و گوتیشی: "ئێمه وه‌ك توركیا له‌وه دڵنیاین، په‌یوه‌ندی نێوان توركیا و به‌ریتانیا زۆر له‌و جۆره هۆنراوانه گرنگتره و ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ش نابێته دیلی لێدوان و هۆنراوه‌ی له‌و جۆره".
ئاژانسی هه‌واڵی "رۆیته‌ر" بڵاویكردووه‌ته‌وه، ئه‌و به‌رپرسه باڵایه‌ی توركیا نه‌یویستووه ناوه‌كه‌ی ئاشكرا بكرێت، گوتی: "به گوێره‌ی به‌رپرسیارێتییه نوێیه‌كه‌ی پێشبینی ده‌كه‌ین به‌ڕێز جۆنسۆن، هه‌ڵوێسته‌كانی ئه‌رێنی تر بن له پێشوو".