بەهۆی شەڕی سوودان 10 هەزار کەس ئاوارە بوون

K24- هەولێر

بەرپرسانی ناوچەی رێنک لە باشووری سوودان رایانگەیاند، لە چەند رۆژی رابردوودا نزیکەی 10 هەزار پەنابەر لە سوودانەوە هاتوونەتە ناو وڵاتەکە و بەهۆی شەڕی نێوان سوپا و هێزەکانی پشتیوانی خێرا هەڵاتوون.

کاک پادیت، کۆمیساری قەزاکە بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە، رۆژی شەممە نزیکەی شەش هەزار و 500 کەس سنووریان بەزاندووە، رۆژی یەکشەممەش سێ هەزاری دیکە سنووریان بەزاندووە و رۆژی دووشەممەی خەڵکی زیاتر گەیشتوونەتە سنوورەکان.

داو ئاتورگۆنگ، فەرماندەی سوپا لە شاری رێنک بەهەمان سەرچاوەی راگەیاند، سێ لەسەر چواری ئەو کەسانەی هاتوونە، هی وڵاتی سوودانی باشوورن، ئەوانی دیکەش خەڵکی سوودان و ئەریتریا، کینیا، ئۆگاندا و سۆماڵین، سوودان میوانداری 800 هەزار پەنابەری باشووری سوودان دەکات کە لە شەڕە درێژخایەنەکانی ئەوێ هەڵاتوون، باشووری سوودان لە ساڵی 2011 سەربەخۆیی خۆی راگەیاند.

ئاتورگۆنگ، روونیشیکردەوە، "دەسەڵاتدارانی ناوچەکە و دانیشتووانی ناوچەکە هاوکاری ئەو کەسانە دەکەن کە تازە هاتوون تا ئێستا رێکخراوە مرۆییەکان دەستوەردانیان نەکردووە".

لە باشووری سوودان زیاتر لە دوو ملیۆن ئاوارە هەن، کە بە هۆکاری شەڕی ناوخۆی نێوان ساڵانی 2013 تا 2018 ئاوارەبوون، هەروەها مەزەندە دەکرێت لەوشەڕە 400 هەزار کەس کوژرابێت.