سەرۆکی گرووپی ڤاگنەر: سەربازانی ئۆکرانیا بە دیل مەگرن بیان کوژن

گرووپی ڤاگنەری رووسی
گرووپی ڤاگنەری رووسی

K24 - هەولێر

سەرۆکی گروپی چەکداری "ڤاگنەر"ی رووسی، یڤگنی پریگۆژین، دووپاتیکردەوە کە ئەندامەکانی چیدیکە سەربازانی ئۆکرانی زیندانی ناکەن بەڵکو دەیانکوژن، ئەمەش لە وەڵامی ئەوەی یەکێک لە پیاوەکانی بە دەستی هێزەکانی کیێڤ لە سێدارە دراوە.

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی فرانس پرێس، پریگۆژین لە پەیامێکی دەنگیدا لە چەناڵی تێلێگرامی گرووپەکەیدا بڵاویکردووەتەوە، دەڵێت "ناوی چەکدارە بریندارەکەمان نازانین کە لەلایەن ئۆکراینییە بەدبەختەکانەوە کوژراوە، بەڵام لە ئەمڕۆ بەدواوە هەموویان لە هێڵی پێشەوەی شەڕ دەکوژین، کەس زیندانی ناکەین".

ئەم لێدوانەی پریگۆژین لە وەڵامی گفتوگۆیەکدا بوو، کە لەنێوان سەربازانی ئۆکرانیا ئەنجامدرابوو، کە فەرمانی لەسێدارەدانی ئەندامێکی ئەو گرووپە چەکدارەیان دەرکردبوو کە بە دیل گرتبوویان.

پریگۆژین دەشڵێت، "کاتێک کەسێک دەخەیتە زیندانەوە، دەست دەکەیت بە ئاگاداربوون و چاککردنەوەی، زیانی پێناگەیەنیت، دوای ماوەیەک بە ئاڵوگۆڕ و تا وەکو دەیگەڕێنیتەوە بۆ ماڵەکەی".

گرووپی ڤاگنەر کە بە چەندین پێشێلکاری لە بوارە جیاوازەکانی ئۆپەراسیۆنەکانی لە سەرانسەری جیهاندا تۆمەتبار کراوە، چەند مانگێکە لە بەرەکانی پێشەوەی بەرەی شەڕ لە باخموت لە رۆژهەڵاتی ئۆکرانیایە.

لە سەرەتای هێرشەکانی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، لە شوباتی 2022 دا، کیێڤ و مۆسکۆ بە بەردەوامی یەکتریان تۆمەتبار کردووە بە خراپ مامەڵەکردن لەگەڵ دیلەکان.

پریگۆژین ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوە کە لەلایەن رێکخراوێکی ناحکومی و هەڵاتووێک لە گرووپەکەیەوە خراونەتەڕوو، بەپێی ئەو تۆمەتانە جەلادەکانی ئەو سەربازە ئۆکراینییە ئەندامی گرووپەکەی بوون.