پارێزگاری هەولێر: زیاتر لە 63 هەزار گەشتیار لە رۆژانی پشووی جەژندا سەردانی هەولێریان کردووە

وێنەی قەڵای هەولێر بەشێوەی 'ستوونی' لەنێو هەوردا | وێنە: سابر دری
وێنەی قەڵای هەولێر بەشێوەی 'ستوونی' لەنێو هەوردا | وێنە: سابر دری

K24 - هەولێر:

نووسینگەی پارێزگاری هەولێر دەڵێت،  63 هەزار و 592  گەشتیار لە رۆژانی پشووی جەژنی رەمەزاندا سەردانی هەولێریان کردووە و پلانی گەشتوگوزار، بۆ ڕۆژانی جەژنی رەمەزان، وەک چۆن داڕێژرابوو تەواوی بڕگەکانی وەکو خۆی و بە سەرکەوتووی جێبەجێکران.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا کە ئەمڕۆ سێشەممە 25ـی نیسانی 2023 لەلایەن نووسینگەی پارێزگاری هەولێرەوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوەکراوە،  پلانی ئەمنی و ئامادەباشی هێزە ئەمنییەکان، بە بەشداری سەرجەم هێزەکان لە هەموو بەش و هۆبەکانی بەڕێوەبەرایەتی ناوبراو لە هەرسێ ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز، وەک چۆن داڕێژرابوو تەواوی بڕگەکانی وەکو خۆی و بە سەرکەوتووی جێبەجێکران، ئاماری تاوانەکانیش لەڕۆژانی جەژن بەمشێوەیەی بوو، (24) تاوان تۆمارکراوە، (20) تاوان ئاشکراکراوە، (4) تاوانیش لە ژێرلێکۆڵینەوە دایە.  

هەر بە گوێرەی هەمان راگەیەندراو، لە رۆژانی پشووی جەژنی رەمەزاندا لە هەولێر، چوار رووداوی هاتووچۆ روویانداوە و بەهۆیەوە کەسێک گیانی لەدەستداوە و سێ کەسی دیکەش برینداربوون.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: تەواوی بنکەکانی بەڕێوبەرایەتی بەرگری شارستانی هەولێر بۆ ڕۆژانی جەژنی  ڕەمەزانی پیرۆز لە ئەرک دابوون، لەوماویەشدا (7) حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە هەبووە.

دەقی راگەیەندراوەکەی نووسینگەی پارێزگاری هەولێر:

بەپێی ئەو ئامادەکاری و پلانانەی بۆ سێ ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز، بە سەرپەرشتی بەڕێز پارێزگاری هەولێر، لەلایەن لیژنەى ئەمنى پارێزگای هەولێر بە مەبەستی پاراستنی ئارامی و ئاسایش شار و سەر و ماڵ و سەلامەتی گیانی هاوڵاتییانی سنووری پارێزگاکەمان ئامادەکاری بۆ کرابوو، پلانەکە وەکوخۆی و بە سەرکەوتووی و بەبێ گیر و گرفت جێبەجێکرا.

ئاماری گشتیی ژمارەى هاتنى گەشتیار و ڕووداوەکانی ڕۆژانی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆزی ئەمساڵیش، لە سنووری پارێزگاکەمان بەمشێوەیەی خوارەوە بووە:- 

یەکەم/ گەشتوگوزار:-

سەبارەت بەپلانی گەشتوگوزار، بۆ ڕۆژانی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز، وەک چۆن داڕێژرابوو تەواوی بڕگەکانی وەکو خۆی و بە سەرکەوتووی جێبەجێکران، وەک دانانی لیژنەی تایبەت بۆ دابین کردنی خزمەتگوزاریی پێویست بۆ گەشتیاران لە بازگەکان و دابەشکردنی ژمارەی تەلەفۆنی لیژنەکان بەسەر گرووپە گەشتیارییەکان و گەشتیاران بۆ ئەوەی ھاوکاربن بۆ چارەسەرکردنی هەر ڕووداوێك یان گیروگرفتێك. هەروەها دابینکردن و دانانی ئاوی خواردنەوە و پێدانی شیرینی و ڕێنمایی پێویست بە گەشتیاران لە دەروازەکانی شاری ھەولێر و پێکھێنانی لێژنەی تایبەت بۆ بەدواداچوون لە ڕەوشی گەشتیاران لە بنکە گەشتیارییەکان بە مەبەستی دڵنیابوون لە پێشکەشکردنی خزمتگوزاری تەواو بە گەشتیاران لە بنکە گەشتیارییەکان، ئەمەجگە  لە ئاگادارکردنەوەی سەرجەم ڕێستوڕانتەکان و پێدانی ڕێنمایی لە کردنەوەی ریستۆرانتەکانیان بۆ پیشوازیکردن لە گەشتیاران لە رۆژانی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز و چاودێریکردنی نرخ لە بنکە گەشتیارییەکان. ژمارەی ئەو گەشیارانەشی تەنها لە ڕۆژانی پشووی جەژن سەردانی هەولێر پایتەختیان کردووە بریتی بوو لە (63 هەزار و 592) گەشتیار.

دووەم/ ئاسایشی هەولێر:-

بەپێی ئەو پلان و ئامادەکاریانەی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر داڕێژرابوو، وەکو خۆی و بەبێ هیچ گرفتێک جێبەجێکران و بۆ هەرحاڵەتێکی  پێویستیش، سەرجەم هێزەکانی ئاسایش لە ئەرک دابوون.

سێیەم/ پۆلیس:-

سەبارەت بە پلانی ئەمنی و ئامادەباشی هێزە ئەمنییەکان، بە بەشداری سەرجەم هێزەکان لە هەموو بەش و هۆبەکانی بەڕێوەبەرایەتی ناوبراو لە هەرسێ ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز، وەک چۆن داڕێژرابوو تەواوی بڕگەکانی وەکو خۆی و بە سەرکەوتووی جێبەجێکران، ئاماری تاوانەکانیش لەڕۆژانی جەژن بەمشێوەیەی بوو، (24) تاوان تۆمارکراوە، (20) تاوان ئاشکراکراوە، (4) تاوانیش لە ژێرلێکۆڵینەوە دایە.  

چوارەم/ هاتووچۆ:-

سەبارەت بەپلانی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر بۆ ڕۆژانی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز، وەک چۆن داڕێژرابوو تەواوی بڕگەکانی وەکو خۆی و بە سەرکەوتووی جێبەجێکران، بەڵام بەداخەوە بەهۆی پابەندنەبوونی شوفێران بەڕێنمایی و یاساکانی هاتووچۆ و لێخوڕینی خێرا، (4) ڕووداوی هاتووچۆ ڕوویاندا و لە ئەنجامیاندا (3) کەس برینداربون و (1) کەسیش بەداخەوە گیانی لەدەستدا. 

پێنجەم/ بەرگری شارستانی:- 

تەواوی بنکەکانی بەڕێوبەرایەتی بەرگری شارستانی هەولێر بۆ ڕۆژانی جەژنی  ڕەمەزانی پیرۆز لە ئەرک دابوون، لەوماویەشدا (7) حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە هەبووە، سەرجەم حاڵەتی ئاگرکەوتنەوەکانیش لە لایەن تیمەکانی بەرگری شارستانییەوە کۆنترۆڵکراون و خۆشبەختانە جگە لە زیانی ماددی هیچ زیانێکی گیانیان لێنەکەوتۆتەوە.

وێڕای دەستخۆشیمان لە یەکە کارگێڕی و ئیدارییەکان و سەرجەم هێزە ئەمنیەکان و ئاسایشى بازگەکان و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی هەولێر و فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان و تیمەکانی شارەوانی و ژینەگەپارێزان لە سەرجەم قائیمقامیەت و ناحییەکان بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیان لە سێ ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز، جارێکی تر هاوڵاتییانی خۆشەویستی هەولێر دڵنییا دەکەینەوە، وەک هەمیشە لە خزمەتی ئێوەدا دەبین و بەهەموو توانایەکمانەوە بەپشت بەستن بە توانا و چاووکراوەیی هێزە ئەمنیەکانی ناوخۆ، شەو ڕۆژ دەخەینە سەریەک بۆ پاراستنی ئارامی و ئاسایش شار و سەروماڵ و سەلامەتی گیانی هاوڵاتییانی سنووری پارێزگاکەمان.