خێزانە کوردەکان لە رووسیا پارێزگاری لە ناسنامەی نەتەوەیی دەکەن
K24 - مۆسکۆ
لە مۆسکۆی پایتەختی رووسیا، خێزانێکی کوردی ئێزیدی لەسەر نەریتی رەسەنی باب و باپیرانیان ئاهەنگی بوک گواستنەوەیان بۆ کوڕەکەیان رێکخستووە، ئەم خێزانە ئەگەرچی هەزاران کیلۆمەتر لە کوردستان دوورن، بەڵام بە هەستێکی بەرزی کوردانە دەژین و جۆش و خرۆشی ئاهەنگەکەیان هەموو لایەکی سەرسام کردووە، ئەم خانەوادە کوردە، لە رێگەی ئەم هاوسەرگیرییەوە، دەخوازن ناسنامەی نەتەوەیی خۆیان بپارێزن.
مۆسکۆی پایتەختی رووسیا، سیمایەکی تەواو رۆژئاوایی هەیە، ئەگەرچی تاگار و لوسینە، باپیرانیان زیاتر لە سەد ساڵە لە زێدی خۆیان دوورکەوتوونەتەوە، بەڵام ئەوان داب و نەریتی خۆیان پاراستووە، ئێستاش بەگوێرەی نەریتی خۆیان ئاهەنگی هاوسەرگیرییەکەیان بەڕێوەدەبەن.
پاراستنی زمان و داب و نەریتی کوردەواری، لای رەوەندی کوردستانی لە دەرەوە وەک ئەرکێکی سەرەکی ئەژمار دەکرێت، بۆ خزمەتکردنی نەتەوە، بۆیە دەخوازن زیاتر گرێبدرێنەوە بە کوردستان.