بەهۆی پێنەدانی مووچە فەرمانبەرانی شارەوانی سلێمانی بایکۆتی دەوام دەکەن

K24 – سلێمانی

لەم مانگەدا جارێکی دیکە کێشەی نەمانی پارە لە بانکەکانی سلێمانی سەریهەڵەداوە و نەتوانرا بۆ جەژن مووچەی هەموو فەرمانبەران دابەش بکرێت، وەک ناڕەزایی ئەمڕۆ فەرمانبەرانی شارەوانی سلێمانی بایکۆتی دەوامیان کرد.

پەیامنێری کوردستان24 لە سلێمانی رایگەیاند، ئەمڕۆ فەرمانبەرانی شارەوانی سلێمانی بایکۆتی دەوامیان کردووە و مامەڵەی هاووڵاتیان وەستێنراوە، هەر هاووڵاتییەک بۆ رایی کردنی مامەڵە سەردانی شارەوانی دەکات پێی دەڵێن دەوام نییە.

ئاماژەی بەوەشکرد، پێشتر بەرپرسان ئیدارەی سلێمانی بەڵێنیان دابوو کە پێش جەژن مووچەی هەموو مووچەخۆرانی ئەو سنوورە دابەش دەکەن، بەڵام تائێستا مووچەی بەشێک لە فەرمانبەران دابەش نەکراوە.

ئەمە لەکاتێکدایە ماوەی ساڵێکە چەندین  جار کێشەی نەمانی پارە لە بانکەکانی سلێمانی کێشەی بۆ دابەشکردنی مووچە دروستکردووە.