رێکخراوی تەندروستی جیهانی کارمەندەکانی لە سوودان دەگوازێتەوە

بەڕێوەبەری رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە سوودان
بەڕێوەبەری رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە سوودان

K24 - هەولێر

رێکخراوی تەندروستی جیهانی ئاشکرای دەکات، لە ئێستادا سەرقاڵی گواستنەوەی ئەو کارمەندانەیە لەگەڵ خێزانەکانیان، کە رۆڵی گرینگ نابینن لە سوودان، لە کاتێکدا پێشبینی دەکرا بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کۆلێرا زیاتر ببێت.

د.ئەحمەد ئەلمەنزەری، بەڕێوەبەری رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە سوودان بەشەرقولئەوسەتی راگەیاند، دۆخی تەندروستی و مرۆیی سوودان تا دێت جددیتر دەبێت.

بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی تەندروستی فیدراڵی ئەو وڵاتە، تا ئێستا کۆمەڵگەی تەندروستی و مرۆیی لە سوودان زیاتر لە 18 کارمەندی لەم شەڕەدا لەدەستداوە و مەترسییەکەش هەڕەشە لە هەموو لایەک دەکات، بە ستافی رێکخراوەکەشەوە.

 ئەلمەنزەری جەختی لەوە کردەوە، کە ئێستا هەوڵەکان بۆ گواستنەوەی کارمەندانی رێکخراوەکەیە کە رۆڵی گرینگ لەگەڵ خێزانەکانیاندا ناگێڕن، بەتایبەتی لەبەر کەمبوونەوەی پێداویستییە سەرەتاییەکان بۆ کارمەندانی رێکخراوی تەندروستی جیهانی .

ئاماژەی بەوەشکرد: کارمەندە سەرەکیەکانمان هەر دەمێننەوە، بەردەوامیش دەبین لە دابینکردنی هەموو ئامرازە پێویستەکان بۆ پاڵپشتی کردن و رزگارکردنی ژیانی تاکەکان.

بە گوتەی بەڕێوەبەری رێکخراوی تەندروستی، 20 دامەزراوەی تەندروستی کارەکانیان وەستاندووە، کە 13 یان لە شاری خەرتومی پایتەختی سوودانە، ئەمە جگە لە بوونی 12 دامەزراوەی دیکە کە مەترسی وەستانیان لەسەرە، هەروەها پێشبینی دەکات رێژەی مردن لە نێوان منداڵانی تازە لەدایکبوو و نەخۆشییە خۆراکییەکان زیاد بکات.

ئەلمەنزەری روونیشی کردەوە، نیگەرانین لە کەمی پێداویستییەکان، وەک کەمی ئاوی خواردنەوە لە شاری خەرتووم، ئەمەش دەبێتە مەترسی  بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کۆلێرا".

دەشڵێت: نزیکەی یەک لەسەر سێی دانیشتووانەکە پێش شەڕ رووبەڕووی برسێتی بوونەتەوە، کە بە 50 هەزار منداڵ دەخەملێنرێت، کە پێویستیان بە چاودێری بەردەوام هەیە، هەروەها 24 هەزار ئافرەتیش لە هەفتەکانی داهاتوودا منداڵیان دەبێت.