لیزا فەلەکەدین کاکەیی: هەر کەسێک لە کارە حکومییەکەی رازی نەبێت دەستلەکار دەکێشێتەوە بایکۆت ناکات

"ئەوانەی بایکۆتی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیرانیان کردووە بەرپرسیاریەتی گەورەیان لەسەرشانە"
لیزا فەلەکەدین کاکەیی ئەندامی پەرلەمانی کوردستان
لیزا فەلەکەدین کاکەیی ئەندامی پەرلەمانی کوردستان

K24 - هەولێر

لیزا فەلەکەدین کاکەیی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت: ئەوانەی بایکۆتی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیرانیان کردووە، بەرپرسیاریەتی گەورەیان لەسەرشانە، ئەگەر لایەنێک یان کەسێک لە کارە حکومییەکەی رازی نەبێت دەستلەکار دەکێشێتەوە و بایکۆت ناکات.

لیزا فەلەکەدین کاکەیی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان و ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان لەمیانی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24 رایگەیاند: "ماوەیەکە مەکینەیەکی ئیعلامی بۆ بەلاڕێدا بردنی بابەتەکان و چەواشەکاری خراوەتەگەڕ، ئەمە شتێکی نوێی نییە، لە دوای بەهاری عەرەبی جۆرە مەکینەیەکی ئیعلامی لە هەرێمی کوردستان دروستکراوە، لە ئەگەری دروستبوونی هەر قەیرانێک ئەو مەکینەیە دەخرێتەگەڕ و هەموو بابەتەکان سێبەری بۆ دروست دەکرێت، لە شەڕی داعش لایەن هەبوو پشتگیری لەو میدیایانە دەکرد کە بابەتەکانیان بەلاڕێدا دەبرد".

گوتیشی: "ئەو کەسانەی بەمشێوەیە رەفتار دەکەن هیچ سودێکیان نییە لە دەستکەوتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و قەوارەی هەرێمی کوردستان و دۆزی کورد بە گشتی، دەتوانم بڵێم ئەوە گرووپێکن، دەیانەوێت بۆ هەر بابەتێک قەیرانێک دروستبکەن، لەکاتی شەڕی داعش کەناڵی راگەیاندن هەبوو هەواڵی چەواشەکارانەی دروست دەکرد و بە شەهیدەکانی پێشمەرگەی دەگوت "کوژراو"، هەندێک کەناڵی راگەیاندن هەبوون دەچوونە سەنگەرەکانی پێشمەرگە و دەبوونە چاوساغ بۆ داعش، هەروەها لە سەردەمی کۆرۆنا کاتێک حکومەت کەرەنتینی راگەیاند، هانی خەڵکیان دەدات بێنە سەرشەقام و دەیانگوت کۆرۆنا بوونی نییە، دەیانگوت حکومەت ناتوانێ مووچە بدات، خۆشبەختانە حکومەت نەک هەر مووچەی دەدا بەڵکو توانی قەرزەکانیشی بداتەوە".

لیزا فەلەکەدین کاکەیی، ئاماژەی بەوەشکرد: "باسی مووچە کە ئێستا باسێکی گەمی سایتەکانە بەتایبەتی ئەوانەی کە من پێیان دەڵێم مەکینەی ئیعلامی بۆ دروستکردنی بێئومێدی لەناو تاکی کورد، هیچ جیاوازیان نییە لەگەڵ ئەو دوژمنانەی پرۆسەی ئەنفال و تەعریبیان دژی کورد ئەنجامدا، ئەمە جۆرێکە لە کارکردن لەسەر هەست و دەرون و هزری تاکی کورد، لەم رۆژانە یەکێک لە کەناڵەکانی راگەیاندن کە زمانحاڵی فەرمی لایەنێکی سیاسی پۆپۆلیستە، کە بەداخەوە سەرۆکەکەی بە رەوتێکی پۆپۆلیستی کار دەکات، هەواڵێکی بڵاوکردەوە نووسیبووی: مووچەی مانگی پێنج ئامادەیە و دابەش دەکرێت، لە هەمان رۆژدا هەواڵێکی دیکەیان بڵاوکردەوە و گوتیان پارە نییە و مووچە نادرێت، ئەمە جگە لە کارکردن لەسەر هەستی خەڵک هیچی تر نییە".

سەبارەت بە نەمانی پارە لە بانکەکانی سلێمانی و کێشەی دابەشنەکردنی مووچە، ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت: "کاتی خۆی لە لیژنەی دارایی زۆر تیشکمان خستەسەر ئەو بابەتە کە پێویستی بە چاکسازییەکی ریشەیی هەبوو لە خاڵە سنوورییەکان و هەموو یەکە ئیدارییەکانی سلێمانی، بۆ ئەوەی داهاتی سلێمانی بەشێوەیەکی شەفاف و مەرکەزی داهات کۆبکرێتەوە، بۆ ئەوەی مووچەخۆرانی سنووری سلێمانی لەکاتی خۆی مووچە وەربگرن و نەبنە قوربانی، بەڵام بەداخەوە تائێستاش ئەو بابەتە هەر وەکوخۆی ماوەتەوە، بە بڕوای من ئەو بابەتە زیاتر بابەتێکی ساسییە، کاتی خۆی کە حکومەت بڕیاری دەرکرد خاڵە سنوورییەکان کۆنترۆڵ بکەن بۆ ئەوەی ئەو بێسەروبەریە نەمێنێ، بانگەشەی دروستبوونی شەڕی ناوخۆیان دەکرد. ئێستاش کە بابەتی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە ئارادایە گرووپێک لەناو یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەیانەوێت بابەتەکان بەلاڕیدا ببەن، بۆیە دێن باسی شەڕی ناوخۆ دەکەن، لەم ماوەیەدا ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتی باسی لەوەکرد ئەگەری روودانی شەڕی ناوخۆ لە هەرێمی کوردستان هەیە، ئەمەش هەمان سیناریۆیە کاتێک باسی چاکسازی لە خاڵە سنوورییەکان کرا گوتیان شەڕی ناوخۆ روودەدات".

راشیگەیاند: "ئێمە وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان، سوورین لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم رۆژی هەڵبژاردنی دیاریکردووە،و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەکاری تەواوی دەستپێکردووە، بۆ ئەوەی حکومەت رێکارەکان بگرێتەبەر، بۆیە ئەو سیناریۆیە لە ئارادایە لە رێگەی کەناڵەکانی راگەیاندنەوە باسی شەڕی ناوخۆ دەکرێت".

ئەو پەرلەمانتارە، جەختیکردەوە: "بابەتی خاڵە سنوورییەکان و داهات پێویستی بە چاکسازی ئیداریی و دارایی هەیە لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان".

دەشڵێت: "ئەوانەی بایکۆتی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیرانیان کردووە، بەرپرسیاریەتی گەورەیان لەسەرشانە، لە هەموو وڵاتێک ئەگەر لایەنێک یان کەسێک لە کارە حکومییەکەی رازی نەبێت دەستلەکار دەکێشێتەوە و بایکۆت ناکات، ئەرکی سەرەکی ئەوان ئەوەیە بگەڕێنەوە ئەنجومەنی وەزیران و کار بکەن، بەتایبەتی کە ئێستا خانەنشینان مانگانە کێشەی دابەشکردنی مووچەیان هەیە، بۆیە ئەرکی ئەوانە لەگەڵ لایەنەکان ئەو کێشەیە چارەسەر بکەن، کە ئێستا کاتی ئەنجامدانی هەڵبژاردن نزیکبووەتەوە".

لیزا فەلەکەدین کاکەیی، ئەوەشی دووپاتکردەوە: "بەلای پارتییەوە تاکە بژاردە ئەنجامدانی هەڵبژاردنە، بەڵام پێمان خۆشە هەموو لایەنەکان پێکەوە رێکبکەون و هەڵبژاردن ئەنجام بدەن، چونکە پرۆسەیەکە زامنی پارێزگاریکردنە لە قەوارەی هەرێمی کوردستان و پرۆسەیەکی دیموکراسییە کە هەمیشە هەرێمی کوردستان شانازی پێوەکردووە و پێویستە لەکاتی خۆیدا ئەنجامبدرێت".

ئەوەشی خستەڕوو: "راستە لە دۆخێکی هەستیارین، بەڵام وەکچۆن لە رابردوودا رووبەڕووی قەیرانەکان بووینەوە ئێستاش ئەم دۆخە تێدەپەڕێت، هاووڵاتییان دڵنیا دەکەینەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەرپرسیاریەتی راناکات و بەرپرسیاریەتی هەڵدەگرێت، ئەوانەی کە بایکۆتی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیرانیان کردووە ئەگەر ئەمڕۆ لە خەمی خەڵکدان با بگەڕێنەوە ئەنجومەنی وەزیران و هەموو شتێک بە گفتوگۆ چارەسەری بۆ دەدۆزرێتەوە".

لیزا فەلەکەدین کاکەیی، گوتیشی: "ئەم دۆخەی هاتووەتە پێش بەداخەوە دۆخێکی چەقبەستووە لە هەرێمی کوردستان تائێستا، بەڵام بێئومێد نین، پارتی و یەکێتی دوو هێزی سەرەکین و رابردوویەکی پڕ شانازیان هەیە بەتایبەتی پارتی ئەو هەموو رۆڵە لەپێناو ئەم قەوارەی گیانی خۆیان بەخت کرد و شەهید بوون، ئەوانەی ئێستا باسی شەڕی ناوخۆ دەکەن با چاوێک بە رابردوودا بخشێنەوە و بارودۆخی هاووڵاتییان لەبەرچاو بگرن".