وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی تایبەت بە هەڵگرتنی چەک بڵاوکردەوە

K24 - هەولێر:

وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا دوای لە حزب و لایەنە سیاسییەکان کرد، لە هیچ بۆنەیەکدا دەمانچە و کڵاشینکۆف وەکو دیاری نەبەخشنە ئەندام و لایەنگرانیان.

راگەیێندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆ کە ئاراستەی پارت و هێزە سیاسییە مۆڵەتدراوەکانی هەرێمی کوردستان کراوە، تایبەتە بە یاسا و رێنماییەکانی بواری چەک.

وەزارەتی ناوخۆ راشیگەیاند، کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان له پێناوی بەرقەرارکردنی ئاسایش و پاراستنی سەر و گیانی خەڵک، بایەخی تایبەتی به رێکخستنی دیاردەی چەکداری و سنووردارکردنی چەکی بێ مۆڵەت داوه.

لەم بارەیەوه، لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆدا هاتووە: یاسای نوێی چەک ژماره 2ـی ساڵی 2022 له پەرلەمانی کوردستان دەرچووه. وەزاەتی ناوخۆ بۆ جێبەجێکردنی ئەم یاسایه هەردوو رێنمایی ژماره 5ـی ساڵی 2022 رێنمایی جێبەجێکردنی یاسای چەک له هەریمی کوردستان و رێنمایی ژماره 6ـی ساڵی 2022 رێنمایی داماڵینی چەکی جەنگی و تۆمارکردنی چەکی ئاگرین دەرچوواند به جێبەجێکردنی یاسا و رێنماییه ئاماژە بۆ کراوەکان کۆمەڵگەی کوردستان له رووی کەمکردنەوەی دەرفەتەکانی تاوان و توندوتیژی دەچێتە قۆناغیکی پێشکەوتووەوه.

سەبارەت بە یاسا و رێنماییەکانی بواری چەک، وەزارەتی ناوخۆ لە راگەیێندراوەکەیدا، پێنج داواکاری دەخاتە بەردەستی حزب و لایەنە سیاسییەکان و دەشڵێت: داوای هاوکاری و پاڵپشتی دەکەین.

دەقی داواکارییەکانی وەزارەتی ناوخۆ بۆ حزب و لایەنە سیاسییەکان:

یەکەم/ داوا دەکەین حزب و هێزه سیاسییەکان بەشداری بکەن له هەڵمەتەکانی هۆشیارکردنی هاووڵاتیان و ئه ندامانیان تا له باری زۆر پێویستدا نەبێت چەک له ماڵەکانیان نەبێت و چەکی بێ مۆڵەت هەڵنەگرن. بوونی چەک لە هەرماڵێک دەرەتی توندوتیژی و تاوان و یەکلاکردنەوەی کێشەی تەنانەت بچووکیش به توندوتیژی زیاد دەکات بۆیه ئەگەر زۆر، پێویست نەبێت بۆ سەلامەتی گیانی هاووڵاتیان و ئەندامانی خێزانەکانیان گونجاو نیه چەک لەناو ماڵاندا هەبێت.

دووەم/ پێمان باشه ئاگاداری ئەندام و لایەنگرانتان بکەن ئەوانه ی چەکیان هەیه بەپێی یاسا و رێنماییه بەرکارەکان خۆیان بگونجێنن.

سێیەم/ داوا دەکەین کەناڵەکانی میدیاتان بخەنه خزمەت پرۆسەکانی بڵاوکردنەوەی هۆشیاری ناتوندوتیژی بۆئەوەی هانی هاووڵاتیانمان بدەین که ناکۆکییەکان لڕێی دادگا و پەیوەندییه کۆمەڵایەتییەکان و گفتوگۆ چارەسەر بکەن و پەنا بۆ چەک و توندوتیژی نەبەن.

چوارەم/ داوا دەکه ین هیچ حزب و لایەنێکی سیاسی چەک دەمانچه و کڵاشینکۆف له هیچ بۆنەیەکدا وەکو دیاری نەبەخشێته ئەندام و لایەنگرانی خۆی.

پێنجەم/ داوا دەکەین حزب و لایەنه سیاسییه کان لەپێناوی کەمکردنەوەی دەرفه تی تاوان و بەکارهێنانی چەک لەبارەگاکانیان کۆگای هەڵگرتنی چەک بۆ پاسەوانەکانیان دروست بکەن بۆئەوەی پاسەوانی بارەگاکانیان تەنیا لەکاتی پاسەوانیدا چەکیان لەلابێت و لەگەڵ خۆيان چەک نەبەنه ماڵەوه.

وەزارەتی ناوخۆ راشیگەیاند، به جێبەجێکردنی ئەم هەنگاوانه زەمینەیەکی باشتر بۆ کۆمەڵگەی کوردستان بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک و کەمکردەوەی دیاردەی چەکداری دروست ده بێت که دواجار ئەمه دەبێته هۆی کەمبوونەوەی دەرفەتی تاوان و توندوتیژی، ئەمەش به قازانجی پاراستنی گیانی هاووڵاتیانمان تەواو دەبێت بۆیه چاوەڕوانی پاڵپشتی و هاوکاری له هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکان دەکەین.