ئوسترالیا هێزە سەربازییەکانی رێکدەخاتەوە

ژمارەیەک سەربازی سوپای ئوسترالیا
ژمارەیەک سەربازی سوپای ئوسترالیا

K24 - هەولێر

ئوسترالیا رۆژی دووشەممە 24ـی نیسانی 2023، ئاشکرای کرد، هێزە سەربازییەکانی رێکدەخاتەوە، هەروەها سەرنجی دەخاتە سەر ستراتیژیەتی سەربازیی دوژمنەکانی.

ریچارد مارلیس، وەزیری بەرگری ئوسترالیا گوتی: ستراتیژی دەیان ساڵەی پاراستنی خاکمان چیدیکە گونجاو نییە، ئوسترالیا سەرنجی خۆی دەگۆڕێت، بەتایبەت کە ئێستا چین بەهێزتر بووە لە جاران.

مارلیس ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمڕۆ بۆ یەکەمجار لە ماوەی 35 ساڵدا، ئەرکی هێزی بەرگری ئوسترالیا دادەڕێژینەوە.

ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردەوە، وەزارەتی بەرگری ئوستراڵیا پێداچوونەوەی ستراتیژیی ئەنجامدەدات، دەشڵێت، "لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە ئێستا گەشەی سەربازی پەکین گەورەترینە بە بەراورد بە هەر وڵاتێکی دیکە".

هەروەها ئەمساڵ بەلەمەکانی هێزی دەریایی پێداچوونەوەیەکی کورت بەخۆیەوە دەبینن بۆ دڵنیابوون لەوەی کە کەشتییە جەنگییەکان دەتوانن لەگەڵ تواناکانی ژێردەریایی ئەتۆمی نوێدا یەکبگرن.

ئوسترالیا ئامانجی سەرەکی خۆی لە ستراتیژی نوێیدا ئەوەیە، کە تیشک دەخاتە سەر پەرەپێدانی ژێردەریایی شاراوە و دوور مەودا و کە بەهێزی ئەتۆمی کاردەکات.

هەروەها سوپای ئوسترالیا زیاتر گرنگی بە تواناکانی دەدات بۆ بەرگریکردن لە کەناراوەکانی وڵاتەکە، بەتایبەتی لە ناوچە فراوانەکانی باکوور، لە ئەنجامدا پلانی کڕینی 450 ئۆتۆمبێلی شەڕکەری پیادە کەم دەبێتەوە بۆ تەنها 129 ئۆتۆمبێل.

بەپێی ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانی DPA، ئەنتۆنی ئەلبانیز، سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا هەڵسەنگاندنی کردووە کە ئایا هێزی بەرگری توانای بەرگری کردنی هەیە بەباشترین شێوە لە ئوسترالیا یاخود نا.

شارەزایانی ئەمنی پێیان وایە هاوپەیمانی نێوان ئوسترالیا و بەریتانیا و ئەمەریکا دژی هەر هەڕەشەیەکی چینە.