ئه‌سه‌د: سه‌رۆكه‌كانی ئه‌مه‌ریكا شاره‌زاییان له سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌دا نییه
K24 - هه‌ولێر:
به‌شار ئه‌سه‌د، سه‌رۆكی سووریا، له چاوپێكه‌وتنێكدا جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه، تا ئێستا رووسیا له باره‌ی قۆناغی راگوزه‌ری سیاسی، گفتوگۆی له‌گه‌ڵ دیمه‌شق نه‌كردووه، هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند، گه‌لی سووریا ناسنامه‌ی سه‌رۆكی وڵات دیاریده‌كات، هه‌روه‌ها پێیوایه كه ده‌بێت وه‌كو كه‌سێك سه‌یر بكرێت، كه وڵاته‌كه‌ی له تیرۆر پاراستووه.
به‌شاد ئه‌سه‌د، سه‌رۆكی سووریا، له چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ تۆڕی "NBC"ی ئه‌مه‌ریكی، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 14ی ته‌ممووز/ یۆلیۆی 2016، رایگه‌یاند، ڤلادیمێر پوتین، سه‌رۆكی رووسیا تا ئێستا و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك باسی له‌وه نه‌كردووه ئه‌و ده‌سته‌به‌رداری ده‌سه‌ڵات بێت، سه‌ره‌ڕای ئه‌و گوشارانه‌ی كه له‌لایه‌ن واشنتۆنه‌وه خراونه‌ته سه‌ر مۆسكۆ.
له وه‌ڵامی پرسیارێكدا، له باره‌ی باسكردنی قۆناغی راگوزه‌ری سیاسی له سووریا، له‌لایه‌ن هه‌ریه‌ك له پوتین و سێرگی لاڤرۆڤ، ئه‌سه‌د گوتی: "تا ئێستا هیچ یه‌كێك له‌وان، شتێكی له‌و جۆره‌یان باس نه‌كردووه".
سه‌باره‌ت به كۆبوونه‌وه‌ی داهاتووی نێوان جۆن كیری، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا و هاوتا رووسه‌كه‌ی، له مۆسكۆ و تاووتوێكردنی پرسی لادانی ئه‌سه‌د له ده‌سه‌ڵات، گوتی: "پێموانییه ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه بۆ لابردنی من بێت له ده‌سه‌ڵات، چونكه رووسیا كار له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی رێككه‌وتنێك ناكاته‌وه ته‌نها بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی بێت، چونكه مۆسكۆ پشت به به‌هاكان ده‌به‌ستێت".
بڕیاره جۆن كیری، بۆ به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندییه سه‌ربازییه‌كانی رووسیا، له شه‌ڕی دژی داعش، سه‌ردانی مۆسكۆ بكات، به‌ڵام رووبه‌ڕووی ئاسته‌نگی به‌هێز و ره‌خنه‌ی توندی به‌رپرسانی به‌رگری و هه‌واڵگری ئه‌مه‌ریكا بووه‌ته‌وه و ئه‌وان پێیانوایه، واشنتۆن و مۆسكۆ، ئامانجه‌كانییان له سووریا ته‌واو پێچه‌وانه‌ن و یه‌كناگرنه‌وه.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه، ئه‌سه‌د ره‌تیكرده‌وه، كه ئه‌و "دیكتاتۆرێكی دڕنده"، یاخود ده‌ستی به خوێن سووربێت و ئه‌و وه‌سفانه‌ی ره‌تكرده‌وه و گوتی: "هیوادارم مێژوو وه‌كو كه‌سێك من بناسێنێت كه وڵاته‌كه‌ی له تیرۆر و ده‌ستێوه‌ردان پاراستووه و سه‌روه‌ری خاكه‌كه‌ی رزگاركردووه".
ئه‌سه‌د له چاوپێكه‌وتنه‌كه‌دا، ده‌ڵێت: "كاتێك وڵاته‌كه‌ت له تیرۆریستان ده‌پارێز و تیرۆریستان ده‌كوژی و تێكیان ده‌شكێنی، ئه‌وا دڕنده‌یی نیی، به‌ڵكو نیشتمانپه‌روه‌رییه".
ئه‌سه‌د ره‌خنه‌ی له سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مه‌ریكا گرت و به "كه‌م ئه‌زموون" وه‌سفی كرد و گوتی: "ئه‌وه شتێكی ترسناكه له‌سه‌ر ئه‌مه‌ریكا".
له وه‌ڵامێكی پرسیاری كه‌ناڵه‌كه، له باره‌ی شاره‌زایی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی دۆناڵد ترامپ، كاندیدی كۆمارییه‌كان بۆ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مه‌ریكا، ئه‌سه‌د گوتی: "كێ له سه‌رۆكه‌كانی پێشووتری ئه‌مه‌ریكا شاره‌زایی هه‌بووه؟ باراك ئۆباما، یان جۆرج بوش؟ یاخود بێل كلینتۆن؟ هیچ كه‌سێكیان شاره‌زاییان له سیاسه‌تی ده‌ره‌وه نه‌بووه، ئه‌وه یه‌كێكه له كێشه‌كانی ئه‌مه‌ریكا".