بەرنامەی نووژین لە مانگی رەمەزاندا ژیانی 13 خێزانی گۆڕی

بەرنامەی نووژین
بەرنامەی نووژین

K24 - هەولێر:

بەرنامەی نووژین لە کەناڵی کوردستان24 بۆ وەرزی دووەم لە مانگی رەمەزانی پیرۆزدا، یەکێك بوو لەو بەرنامە خێرخوازییانەی زۆرترین دەنگدانەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەبوو، بەجۆرێک تەنیا لە تیکتۆک زیاتر لە 20 ملیۆن بینەری هەبوو.

بەگوێرەی ئامارەکانی ئەو بەرنامەیە، لە مانگی رەمەزاندا تواندرا ژیانی 13 خێزان لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان بگۆڕێت بە دابینکردنی شوێنی نیشتەجێبوون و کەلوپەلی ناوماڵ و دانەوەی قەرز و دابینکردنی بژێوی ژیان و چارەسەرکردنی نەخۆشەکانیان.

لەلایەن خۆیەوە، محەممەد شووشی بەڕێوەبەری پرۆژەی نووژین لە دەزگای خێرخوازی بارزانی و پێشکەشکاری بەرنامەی نووژین لە کوردستان24 رایگەیاند، لە وەرزی یەکەمی بەرنامەکە لە ساڵی رابردوودا نۆ خێزان تێیدا سوودمەندبوون بەڵام ئەم ساڵ توانییان ئەو رێژەیە بۆ 13 خێزان زیادبکەن و پلانیان هەیە بۆ وەرزی سێیەمیش بەردەوامی بەم بەرنامەیە بدەن و لە خزمەتکردنی هەژاران بەردەوام بن.

لە وەرزی دووەمی بەرنامەی نووژیندا، کە لە مانگی رەمەزانی 2023 پێشکەشکرا، تواندرا بە پشتیوانی چەند کۆمپانیا و سەرمایەدارێکی خێرخواز بە هاوکاری دەزگای خێرخوازی بارزانی، 11 خانوو بکڕدرێت و دروستکردنی خانووێک تەواوبکەن و خانووێکیش سەر لە نوێ دروستبکرێتەوە، کە کۆی گشتی دەکاتە 13 خانوو.

هەر لەو بەرنامەیەدا، سێ بزنسی بچووک بۆ سێ خێزانی سوودمەند لە نووژینی ئەمساڵ دابینکرا کە دەبێتە سەرچاوەی داهات بۆ ئەو خێزانانە و لەمەودوا خۆیان بژێوی ژیانی خۆیان دابین دەکەن، هەروەها ئەو خێزانانەی دیکە کە هیچ سەرچاوەیەکی داهاتیان نەبووە و کەسێکیان نەبووە کاریان بۆ بکات، ئەوا مووچەیەکی مانگانەیان بۆ بڕدراوەتەوە.

کۆی ئەو 13 خێزانەی سوودمەندبوون لە بەرنامەی نووژینی 2023، لە 50 کەس پێکهاتوو کە 11 لەو خێزانانە بێ باوک بوون و ئەوانی دیکەش خاوەن کەسی بەساڵاچوو و کەسانی خاوەنپێداویستی تایبەت (نابینا) بوون.

هەروەها کۆی گشتی ئەو بڕە پارەیەی بۆ خێزانە سوودمەندەکانی وەرزی دووەمی بەرنامەی نووژین تەرخانکرابوو، نزیکەی 800 ملیۆن دینار بوو.