سامان بەرزنجی: نەخۆشی ههوكردنی پهردهی مێشك مەترسیدار نییە
K24 – هەولێر:
وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رایدهگهیهنێت، نەخۆشی هەوکردنی پەردەی مێشک مەترسیدار نییە و ههروهها نەخۆشیەکی نوێ نییە. دەشڵێت: "نەخۆشییەکە مەترسیدار نییە بەڵام لە کاتی توشبوون ئهگهر چارەسەر وەرنەگرێت، دەبێتە مەترسی بۆسهر ژیانی منداڵ".
سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە میانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەی باسی رۆژ لە کوردستان24 کە ژینۆ محەممەد پێشکەشی دەکات، لهبارهی بڵاوبوونهوهی نهخۆشی ههوكردنی پهردهی مێشك، ئاماژه بهوه دهكات، نەخۆشییەکی تازە نییە و مەترسیداریش نییە، بەڵام گەر کەسی توشبوو زوو چارەسەر وهرنهگرێت، دەبێتە هۆی دروستبوونی مەترسی بۆسهر ژیانی.
وەزیری تەندروستی راشیگەیاند، هەرکەسێک گومانی ئەو نەخۆشییەی لێدهكرێت، پێویسته خێرا سەردانی نەخۆشخانە و بنکەکانی تەندروستی بکات، بۆ ئەوەی زوو چارهسهر وهربگرێت.
سامان بەرزنجی، باسی لەوەشکرد، لیژنەیەکی وەزاری بۆ لێكۆڵینهوه له نهخۆشی ههركردنی پهردهی مێشك پێکهێنراوە، پێکهاتوون لە پەتازانی، خۆپارێزی و بەدواداچوون.
دهشڵێت: "تاکو ئێستا حاڵەتی مردن بههۆی ئهو نهخۆشییه تۆمارنەکراوە، لیژنەکانی تەندروستی بەردەوام لەسەر هێڵن، پشکنینی بەردەوام دەکەن بۆ ئەوەی هۆکاری بڵاوبوونەوەی ئەو نەخۆشییە بزاندرێت".
سامان بهرزنجی دووپاتیکردەوە، بەداخەوە دایک و باوکان لە کاتی توشبوونی منداڵەکانیان، سەردانی پزیشک ناکەن، تەنیا لە دەرمانخانەکان دەرمان وەردەگرن، پێویستە پزیشک بیبینێت و دەستنیشانی نەخۆشییەکە بکات.
سەبارەت بە بەکارهێنانی ئەنتی بایۆتیک، سامان بەرزنجی گوتی: "بەکارهێنانی دەرمانی ئەنتی بایۆتیک بەبێ رێنمایی پزیشک هەڵەیە، پێوسیتە پزیشک دەستنیشانی نەخۆشییەکە بکات".
گوتیشی: "دەرزی ئەنتی بایۆتیکی بەهێز هەیە بۆ چارەسەرکردن بەکار دێت و بۆ چارەسەری نەخۆشەکە، ئەگەر بەردەستیش نەبێت لە نەخۆشخانەکانی شارەکان بۆیان دەنێرین، ناهێڵن کەمی دەرمان رووبدات".
سەبارەت بە هۆکاری گواستنەوەی نەخۆشیەکە، سامان بەرزنجی دەڵێت: "نەخۆشیەکە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە دەگوازرێتەوە ئەگەر هاتوو کەل و پەلی نەخۆشەکە بەکارهات و یاخوود بەرکەوتنی راستەوخۆ رووبدات لەنێوان نەخۆش و کەسانی نزیکی خۆی، پێویستە نەخۆش لە خانەوادەکەی جیابکرێتەوە ".
وەزیری تەندروستی ئهوهشی خستهڕوو، نیشانەکانی نەخۆشیەکە بریتیە لە سەرئێشەی توند، تایەکی بەهێز و لاوازبوونی جەستەی کەسەکە، ئهگەر ئەو نیشانانە هەستیپێکرا، با راستەوخۆ سەردانی پزیشک بکرێت.
باسی لهوهشكرد، بەهۆی بڵاوبوونەوەی ئەم نەخۆشییە، قوتابخانەکان داناخرێن، بەڵام بە گوێرەی حاڵەتی کەسی توشبوو رێنمایی دەدرێت بە قوتابخانەکان کە چەند مۆڵەت به نهخۆش دهدرێت، تا چاکدەبێتەوە".