ماتیۆ مەکفەرلەین بۆ کوردستان24: لە پشتیوانیکردنی هێزی پێشمەرگە بەردەوام دەبین

ماتیۆ مەکفەرلەین، فەرماندەی گشتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش
ماتیۆ مەکفەرلەین، فەرماندەی گشتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش

K24 - هەولێر:

فەرماندەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش وەڵامی کوردستان24 دەداتەوە و دەڵێت: تا کۆتایهاتنی داعش لە عێراق و سوریا دەمێنینەوە و لە پشتیوانیکردنی هێزی پێشمەرگەش بەردەوام دەبین و جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگری ئەمریکاش رایگەیاند، هێشتا سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن لە هێرشەکەی نزیک فرۆکەخانەی سلێمانی و بەتوندی دژی هەر هێرشێکین سەلامەتی سەربازەکانیان لە کوردستان بخاتە مەترسییەوە.

فەرماندەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش وەڵامی کوردستان24 دەداتەوە و دەڵێت: تا کۆتایهاتنی داعش لە عێراق و سوریا دەمێنینەوە و لە پشتیوانیکردنی هێزی پێشمەرگەش بەردەوام دەبین. ماتیۆ مەکفەرلەین فەرماندەی گشتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش رایگەیاند، دەستبەکاربوونی فیرقەکانی یەک و دووی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگەش، بەردی بناغەی چاکسازییە لەو وەزارەتە و پابەندی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەسەلمێنێت بەرامبەر پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە.

لە چاوپێکەوتنێکی ئۆنڵایندا لەگەڵ ماتیۆ مەکفەرلەین فەرماندەی گشتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش و دەینا سترۆڵ جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگری ئەمریکا باسیان لە چەندین بابەتی گرنگ پەیوەست بە هەرەشەکانی داعش لە عێراق و سوریا و ناوچەکە بەگشتی کرد.

فەرماندەی گشتی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش رایگەیاند، بەبەراورد بە ساڵی رابردوو هێرشەکانی داعش لە عێراق لەسەدا 68 و لە سوریا لەسەدا 55 کەمیانکردووە. دەستبەکاربوونی فیرقەکانی یەک و دووی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگەش، بەردی بناغەی چاکسازییە لەو وەزارەتە و پابەندی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەسەلمێنێت بەرامبەر پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری دوور مەودای ناوچەکە.

فەرماندەی گشتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لە وەڵامی پرسیارێکی کوردستان24دا دەڵێ، داعش هێشتا هەرەشەی ماوە و بیری توندرەوی و تیرۆریستی لەناونەچووە، بەڵام هاوبەشەکانمان بەهاوکاری هێزەکانی هاوپەیمانان لە کەمپەینی لەناوبردنی داعش بەرەوپێشچوونی باشیان بەدەستهێناوە. مەکفەرلەین سوپاسی هاوپەیمان و هاوبەشەکانیان دەکات لە کەمکردنەوەی هەرەشەکانی داعش لە ناوچەکە، دڵنیایی دەدات تا لەناوچوونی تەواوەتی داعش لە عێراق و سوریا دەمێننەوە و لە هاوکارییەکانیان بۆ پێشمەرگە بەردەوام دەبن.

فەرماندەی گشتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی پێیوایە کێشەی ستراتیژی و ئاستەنگی سەرەکی لەبەردەم لەناوبردنی یەکجارەکی داعش لە ناوچەکە هەبوونی چەکدارانی بیانیە لە کەمپی ئەلهۆل و دەبێ لەرێگەی هەوڵێکی نێودەوڵەتیەوە چارەسەر بکرێت.

دەینا سترۆڵ جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش باسی سەردانەکەی ئاداری ئەمساڵی لۆید ئۆستن وەزیری بەرگری وڵاتەکەی دەکات بۆ هەرێمی کوردستان و دەڵێ، وەزیری بەرگری ئۆستن لە هەولێر جەختیکردوەتەوە سیاسەتی ئەمریکا نەگۆراوە و لە ناوچەکە دەمێننەوە بۆ لەناوبردنی هەرەشەکان.

سترۆڵ ئاماژەبەوە دەکات، 10 هەزار چەکداری داعش و نزیکەی 50 هەزار ژن و منداڵی چەکدارانی داعش هێشتا لە کەمپەکانی رۆژئاوای کوردستانن دەبی کار بۆ گەراندنەوەیان بکریت بۆ ئەو وڵاتانەی لێوەی هاتوون.

جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگری ئەمریکا جارێکی دیکە باسی هێرشەکە نزیک فرۆکەخانەی سلێمانی کرد و رایگەیاند، سەربازی وڵاتەکەی لەناو ئەو ئۆتۆمبێلانەدا بوون هێرشیان کرایەسەر، پێنتاگۆن هێشتا سەرقاڵی لێکۆڵینەوەیە و هۆشداریدا، بەتوندی دژی هەر کردەوەیەکن سەلامەتی سەرباز و هاوبەشەکانیان بخاتە مەترسیەوە. لەسەر ئاستی وەزارەتی بەرگری و کۆنگرێس کاردەکەن بۆ بەردەوامیدان بە هاوکارییەکانیان بۆ هاوبەشەکانیان لەپێناو بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیان لە ناوچەکە.