نێردەی سوودان لە نەتەوە یەکگرتووەکان: ئەوەی لە وڵاتەکەم روودەدات "کودەتای سەربازییە"

حادس ئیدریس، نێردەی سوودان لە نەتەوەیەکگرتووەکان | وێنە: پێگەی فەرمی نەتەوە یەکگرتووەکان
حادس ئیدریس، نێردەی سوودان لە نەتەوەیەکگرتووەکان | وێنە: پێگەی فەرمی نەتەوە یەکگرتووەکان

K24 - هەولێر:

نێردەی سوودان لە نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند، ئەوەی لە سوودان روودەدات کودەتای سەربازییە و شەڕی ناوخۆ نییە.

حادس ئیدریس، نێردەی سوودان لە نەتەوەیەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەشکرد، هێزی پشتیوانی خێرا چاوی لەوەیە لەرێگەی کودەتاوە دەسەڵاتی بکەوێتە دەست، کە ئەوەش قبوڵنەکراوە. هاوکات هێزی پشتیوانی خێرا سوپای سودان بە ئازادکردنی بەرپرسەکانی سەردەمی عومەر حەسەن بەشیر تۆمەتباردەکات و سوپای سودانیش تۆمەتەکان رەتدەکاتەوە.

نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکانیش بۆ سودان باسی لەوەکرد، بەهۆی پێکدادانەکانی سوودانەوە تا ئێستا زیاتر لە 400 کەس کوژراون کە چواریان کارمەندی نەتەوەیەکگرتووەکانن.

ئەمە لەکاتێکدایە، دوێنێ سێشەممە 25ـی نیسانی 2023، سوپای سوودان و هێزی پشتیوانی خێرا بۆ ماوەی 72 کاتژمێر ئاگربەستیان راگەیاند، بەڵام لەهەندێک شوێن هەردوولا یەکتر بە شکاندنی ئاگربەستەکە تۆمەتباردەکەن.

رۆژی دووشەممە 24ـی نیسانی 2023، رێکخراوی تەندروستیی جیهانی ئاماری قوربانیانی جەنگی سوودانی راگەیاند و ئاماژەی بەوەکرد، تا ئێستا بەهۆی ئەو جەنگەوە، 413 کەس کوژراون و سێ هەزار و 55 کەسی دیکەش بریندارن. بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، تا ئێستا نۆ منداڵ بەهۆی جەنگە نێوخۆییەکەی سوودانەوە گیانیان لەدەستداوە.

لە بەیانی 15ی نیسانی 2023، لە خەرتووم پایتەختی سوودان و چەندین شاری دیکە پێکدادان لەنێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا سەریهەڵدا.

ئەو ناکۆکییانەی لە چەند مانگی رابردوودا دەربارەی چاکسازی سەربازیی لە ئارادابوون و تییادا پێشنیاز کرابوو هێزەکانی پشتیوانی خێرا "بەتەواوی ببێتە بەشێک لە سوپا" گۆڕا بۆ پێکدادان.

وەزارەتی دەرەوەی سوودان ئەوەی راگەیاند، عەبولفەتاح ئەلبورهان، سەرۆکی ئەنجوومەنی سەروەری و  فەرماندەی سوپا راژەی هێزی پشتیوانی خێرای هەڵپەساردووە و وەک هێزێکی یاخی لە دەوڵەت رایگەیاندووە، لەسەر ئەم بنەمایەش سوپا رەفتارەی کردووە.