تەقەکەرەکانی نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی دەستگیرکران

K24 - سلێمانی

بە تۆمەتی تەقەكردن لە نەخۆشخانەی منداڵان و برینداركردنی كارمەندێكی پۆلیس و كارمەندێكی نەخۆشخانەكە دوو تۆمەتبار دەستگیركران.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، مەفرەزەكانیان دوو تۆمەتباریان دەستگیركرد، كە هەڵیانكوتابووە سەر نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی و كارمەندێكی پۆلیس و كارمەندێكی پرسگەی نەخۆشخانەكەیان بەفیشەك بریندار كردبوو.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە "دوای ئەوەی شەوی رابردوو دوو كەس کە لەژێر کاریگەری ماددە کھولییەکاندا بوون و دەیانویست سەردانی منداڵێك لە نەخۆشخانەی منداڵان بکەن، بەڵام لەلایەن پۆلیس و کارمەندی پرسگەی نەخۆشخانەكەوە رێگرییان لێکراو رێنمایی کران کە وادەی سەردانیکردنی نەخۆش کۆتاییھاتووەو منداڵە نەخۆشەکە دایک و باوکی لەلایە و پێویست ناکات ئەوان بچنە لای، بەڵام تۆمەتبارەکان دەگەڕێنەوە بۆ نەخۆشخانەکە و تەقە لە پۆلیسێک و كارمەندێکی پرسگەی نەخۆشخانەکە دەكەن و برینداریان دەكەن. دەستبەجێ ھێزەکانی پۆلیس گەیشتنە شوێنی رووداوەکەو تۆمەتباری سەرەکی کە تەقەی کردبوو دەستگیرکراو ئەو کەسەی کە لەگەڵیدا بوو ھەڵات، توانرا لە ماوەیەكی كەمدا تۆمەتبارەکەی تریش دەستگیربکرێت و دەستیشبگیرێت بەسەر چەكێكی جۆری دەمانچە كە تۆمەتبار تەقەی پێكردبوو".

ئاماژە بەوەشکراوە "هەریەك لە تۆمەتباران، (ش، خ، أ) لە دایکبووی 1985 و (ئ، خ، م) لەدایکبووی 2003 بە بڕیاری دادوەرو بەپێی ماددەی  232 لە یاسای سزادانی عیراقی راگیراون و لێكۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە.

 لە ئێستادا ھەردوو برینداری رووداوەکە لە نەخۆشخانەن و چارەسەری پزیشكی وەردەگرن و دۆخی تەندروستییان جێگیرە".