یەکەمین پێشانگای کار لە دهۆک کرایەوە؛ "کۆمپانیاکان هەلی کار بۆ گەنجان دەدۆزنەوە"

لۆگۆی هەر یەکە لە رێکخراوی کاری نێودەوڵەتی (راست) بەڕێوەبەرایەتی کار-دهۆک (ناوەڕاست) و زانکۆی دهۆک
لۆگۆی هەر یەکە لە رێکخراوی کاری نێودەوڵەتی (راست) بەڕێوەبەرایەتی کار-دهۆک (ناوەڕاست) و زانکۆی دهۆک

K24 - هەولێر:

یەکەمین پێشانگای کار لە زانکۆی دهۆک کرایەوە، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیش دەڵێت، ئەرکی سەرەکی ئەو کۆمپانیانەی بەشدارییان لە پێشانگاکەدا کردووە، "دۆزینەوەی هەلی کارە بۆ گەنجانی دهۆک".

رۆژی چوارشەممە 26ـی نیسانی 2023، بەڕێوەبەرایەتی کار-دهۆک، بە هەماهەنگی لەگەڵ زانکۆی دهۆک و رێکخراوی کاری نێودەوڵەتی، یەکەمین پێشانگای کاری بە ئامادەبوونی کوێستان محەممەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و پ.د. داوود ئەترۆشی، سەرۆکی زانکۆی دهۆک کردەوە.

کوێستان محەممەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بە کوردستان24ـی راگەیاند، زیاتر لە 45 کۆمپانیا بەشدارییان لە پێشانگاکەدا کردووە، کە کارەکانیان پیشاندەدەن، بەڵام ئەرکی سەرەکییان دۆزینەوەی هەلی کارە بۆ گەنجانی دهۆک. "هەر لەنێو پێشانگاکەدا دەیان گەنج سیڤییان پێشکەشی کۆمپانیاکان کردووە، بۆ ئەوەی لەلایەن ئەوانەوە ببنە خاوەن کار."

بەگوتەی کوێستان محەممەد، لەسەرەتای دەستبەکاربوونی کابیەنەی نۆیەم، ئەوان وەکوو وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، بەردەوام کاریان لەسەر بووژاندنەوەی کەرتی تایبەت و رەخساندنی هەلی کار بۆ گەنجانی هەرێمی کوردستان کردووە، کە وەکو خۆی دەڵێت، "یەکێک بووە لە بڕگەکانی کارنامەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان".

لەبارەی رێژەی بێکاری لەنێو گەنجانی هەرێمی کوردستان؛ وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی رایگەیاند، "بە بڕوای من رێژەکە بەرزە و رێژەیەکی زۆری گەنجان کە دەرچووی زانکۆ، پەیمانگە و ئامادەییە پیشەییەکانن، بێکارن، دەستەی ئامار دەزانێت رێژەکە بە دروستیی چەندە، بەڵام بێکاری کێشەیەکی گرنگی هەرێمی کوردستانە".