"نرخی زێڕ بۆ نیوەی نرخی ئێستای دادەبەزێت"

نرخی زێڕ
نرخی زێڕ

K24 - هەولێر

رۆبەرت کیوساکی هۆشداری لە نرخی زێڕ دەدات و پێیوایە بەرەو ئاراستەی خۆڕاستکردنەوە هەنگاو دەنێت و نیوەی نرخەکەی لەدەستدەدات.

رۆبەرت کیوساکی نووسەری پەرتووکی بەناوبانگی "باوکی دەوڵەمەند و باوکی هەژارە" دووپاتی دەکاتەوە کە ئایندە نەختینەکان باش نییە، بەڵکو باوەڕی بە داهاتووی زێڕ و دراوی بیتکۆین هەیە.

کیوساکی پێی وایە، نرخی زێڕ بەشێوەیەکی بەرچاو و ماوەیەکی درێژە وەک ئامرازێکی وەبەرهێنان رۆڵی هەبووە و پەناگەیەکی ئارامی وەبەرهێنەران بووە، بە تایبەت لەو کاتانەی دۆخی ئابووری سەقامگیر نییە و لە دیارترینیشیان لەسەردەمی کۆرۆنا و جەنگی ئۆکرانیادا.

نرخی زێڕ لەسەردەمی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا، بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە نرخی هەر ئۆنسێكی بۆ سەرووی 2000 دۆلار بەرزبووەوە، بەڵام دواتر بۆ ئاستی 1700 دۆلار دابەزی، بە هەمان شێوە لە 2022 بەهۆی جەنگی ئۆکرانی بۆ سەرووی 2000 دۆلار بەرزبووەوە، بەڵام جارێکی دیکە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو بۆ 1600 دۆلار دابەزی.

کیوساکی ساڵانێکی زۆرە داکۆکی لە زێڕ و بیتکۆین دەکات، هۆشداری لە داکەوتنی نرخی زێڕ دەدات و پێی وایە زیانی زۆر بە بازاڕ و ئەو وەبەرهێنەرانە دەدات کە خۆیان بۆ بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ ئامادەکردووە.

لە هەمانکاتدا، کیوساکی هۆشداری لە هەڵگرتنی دراوە نەختینەییەکان دەدات و پێی وایە لە داکەوتن نزیک بوونەتەوە.

رۆبەرت کیوساکی خاوەن کار و پسپۆڕی بەناوبانگی پەرەپێدانی مرۆییە، نووسەری پەرتووکی بەناوبانگی باوکی دەوڵەمەند و باوکی هەژارە و بە گوێرەی رۆژنامەی نیویۆرک تایمز بە باشترین پەرتووکی فرۆشراو دیاریکراوە.

.