دەیان کۆچبەر لە کەناراوەکانی لیبیادا بە خنکاوی دۆزرانەوە

یەکێک لە کۆچبەرە خنکاوەکان
یەکێک لە کۆچبەرە خنکاوەکان

K24 - هەولێر

بەرپرسێکی پاسەوانی کەناراوەکانی لیبیا و کارمەندێکی فریاگوزاری، رایانگەیاند، دوای ئەوەی دوو بەلەمی کۆچبەران لە دەریای ناوەڕاست لە کەناری رۆژئاوای وڵاتەکەدا نوقم بوون،  لانیکەم 57 تەرمیان لە ئاوەکاندا دۆزیوەتەوە.

بەسام مەحموود کە خەڵکی میسرە و یەکێک بووە لە رزگاربووەکانی ئەو دوو بەلەمە بە رۆیتەرزی راگەیاند: نزیکەی کاتژمێر دووی بەیانی رۆژی سێشەممە، 25ی نیسان 2023، 80 سەرنشین لە بەلەمێکدا بووین کە بەرەو ئەوروپا بەرێکەوتین، بەڵام لە کاتی نوقمبوونی بەلەمەکەدا بەرپرسی بەلەمەکە رەتیکردەوە بوەستێت.

دەشڵێت: ئێمە بەردەوام بووین، دیمەنێکی ترسناک بوو و هەندێکیان لە ئاوەکەدا لەبەردەممدا گیانیان لەدەستدا.

فەتحی ئەلزەیانی، بەرپرسی پاسەوانی کەناراوەکانی لیبیا رایگەیاند، لە کەناری ئەلقرە لە رۆژهەڵاتی تەرابلوس، 11 تەرمیان دەرهێناوە کە یەکێکیان منداڵە، ئەو کۆچبەرانە خەڵکی پاکستان، سووریا، تونس و میسر بوون.

کارمەندێکی فریاگوزاری سەر بە کۆمەڵەی مانگی سوور لە شاری سابراتا لە رۆژئاوای تەرابلوس رایگەیاند، لە ماوەی شەش رۆژی رابردوودا 46 تەرمیان لە کەنار دەریاکە دەرهێناوە کە هەموویان "کۆچبەری نایاسایی"ن و لە یەک بەلەمدا بوون.

رێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ لەم مانگەدا رایگەیاندووە، لە سەرەتای ساڵی 2023 دا 441 کۆچبەر و پەنابەر لەکاتی هەوڵدان بۆ پەڕینەوە لە دەریای ناوەڕاست لە باکووری ئەفریقاوە بەرەو ئەوروپا خنکاون، ئەمەش زۆرترین ژمارەی مردنە لە ماوەی سێ مانگدا لە ماوەی شەش ساڵی رابردوودا.