مانگێکە بنکەی تەندرستیی گوندی دۆغات داخراوە؛ "تاوانمان چییە؟"
K24 - هەولێر:
ماوەی مانگێکە بنکەی تەندروستیی گوندی دۆغات لە سنووری قەزای تلکێف داخراوە، موختاریی گوندەکەش دەڵێت، "خۆشمان نازانین هۆکاری داخرانەکە بۆچی دەگەڕێتەوە؟".
گوندی دۆغات لە سنووری قەزای تلکێف لە دەشتی نەینەوا یەکێکە لە گەورەترین گوندەکان، کە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە نەخۆشخانەی بۆ کرابێتەوە. پێش داخرانی، کارمەندانی تەندروستیی مووسڵ لەو نەخۆشخانە دەوامیان دەکرد.
نزیکەی مانگێکە کارمەندانی بنکە تەندروستییەکە دەوام ناکەن و بەهۆیەوە بنکەکە داخراوە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی خەڵکی گوندەکە ناڕازیبن و داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەن، کێشەکەیان بۆ چارەسەر بکەن.
خالید موختار، موختاری گوندی دۆغات بە کوردستان24ـی راگەیاند: "بنکە تەندروستییەکە بێ کێشە بوو، پزیشک، پەرستار و کادری پێویستی لێ بوو، بەڵام ماوەی مانگێکە داخراوە بەبێ ئەوەی هۆکارەکەی بزانین. نازانین تاوانمان چییە و بۆ بنکەکەیان داخستووە؟".
کامل موراد، یەکێکە لە دانیشتووانی گوندی دۆغات، داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات کێشەکەیان بۆ چارەسەر بکەن و دەڵێت، "تاوانی منداڵ و ئافرەتانی گوندەکەمان چین، سێ کاتژمێرمان پێدەچێت تا دەچینە تلسقوف بۆ دەرزی لێدانێک، بەهۆی ئەوەی بنکە تەندروستییەکەی گوندەکەمان داخراوە".
د.ماجد شنگالی، سەرۆکی لیژنەی تەندروستی لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، هەموو هەوڵێکیان دەخەنەر گەڕ بۆ کردنەوەی بنکە تەندروستییەکە و پێی وایە ئەگەر کێشەکە لەسەر پرسێکی یاسایی نەبێت، چارەسەرکردنی ئاسانە.