ژاپۆنییەکان لە پاییزی تەمەندا دەستبەرداری وەرزش نابن

بەساڵاچووانی ژاپۆن لەکاتی ئەنجامدانی یاری تۆپی پێ
بەساڵاچووانی ژاپۆن لەکاتی ئەنجامدانی یاری تۆپی پێ

K24 - هەولێر:

ژاپۆنییه‌كان بەوە ناسراون بەرگەی ژیان دەگرن و بەرەنگاری ئازارەکان دەبنەوە و پیربوون ناناسن، وەرزش بە هەموو جۆرەکانییەوە بەشێکی سەرەکیی ژیانی رۆژانەیانە و بە هۆکاری سەرەکی مانەوە و خۆڕاگری و بەردەوامییان دەزانن.

لەو کاتەی لە زۆربەی وڵاتاندا هەندێک کەس لە سییەمین بەهاری تەمەنیاندا پاشەکشە لە ژیان دەکەن و دەستبەرداری زۆرێک لە خەون و ئارەزووەکانیان دەبن، تەنانەت بەشێکی زۆر لە یاریزانە پیشەگەرەکان هەر دوای تەمەنی سی ساڵییان کە هەندێکیان ناگەنە سی و پێنج ساڵ واز لە یاریکردن دەهێنن، بەڵام لە ژاپۆن هێشتا بە تەمەنەکان لە وەرزش تێر نەبوونە و هاوڕێیەتییان لەگەڵ تۆپی پێ نەپچڕاوە.

ژمارەیەک لە یاریزانە دێرینەکانی ژاپۆن لە خولێکی تایبەت بەو یاریزانە کۆنانەی تەمەنی هەشتا ساڵییان تێپەڕاندووە بەیەکەوە یاری دەکەن و دوورکەوتنەوە لە وەرزش بە کۆتاییهاتنی ژیانیان ناو دەبەن. مۆتسۆهیکۆ نۆراما تەمەنی 83 ساڵە و یەکێک بووە لە یاریزانەکانی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی و ئێستا ئەندامی خولی بەساڵاچووانی سەرووی هەشتا ساڵییە، نیسانی ئەمساڵ بەشداری لە دوو یاری خولەکە کردووە، هاوکات لە هۆڵەکانی وەرزشیش مەشقی تایبەتی کردووە.

شینگۆ شیزاوا یەکێک بووە لە گۆلپارێزەکانی ژاپۆن، ئێستا تەمەنی 93 ساڵە و لە وەرزشکردن بەردەوامە و لە ماوەی مانگێکدا بەشداری چەندین یاری و مەشق دەکات. شیزاوا دەڵێ "ئەگەر لە وەرزش بەردەوام نەبوومایە، ساڵانێک بوو مردبووم."

تاکاو یۆکۆیاما تەمەنی 86 ساڵە و لە تیپی تۆپی پێی رید ستار یاری دەکات لە یارییەکەیان بەرامبەر تیپی تۆپی پێی وایت بێر لەسەر بەدەستهێنانی تۆپ کێبڕکێی و ململانێی کۆزۆ ئیشیدا یاریزانی تیپی بەرامبەر دەکات. سەرەڕای ئەوەی کێبڕکێ و ململانێ لەو تەمەنەدا قورسە، بەڵام ژاپۆنییەکان ئامادەنین گۆڕەپانەکە بۆ ئەوانیدیکە چۆڵ بکەن.

ژاپۆنییەکان وەرزش وەک خۆراک دەبیینن بۆ پاراستنی توانای جەستەیی و بەهێزکردنی یادگەیان، بۆ ئەم مەبەستەش کاتێکی باش بە وەرزشکردن دەدەن و لە تیڤییەکانیش بینەری یارییەکان دەبن، وەرزشوانە بەتەمەنەکانیان لە ژوورە تایبەتییەکانیان وێنەی وەرزشی و میدالیا و یادگارییەکانیان هەڵواسیوە، بۆ ئەوەی نیشانی نەوەکانیان بدەن بە وەرزشەوە بەهێزن.