بایدن باس له كۆتاییهاتنی كۆریای باكوور دهكات
K24 - هەولێر:
جۆ بایدن سەرۆکی ئەمهریکا هەڕەشە لە کۆریای باکوور دەکات و رایدهگهیهنێت، هەر هێرشێکی ئەتۆمی بۆسەر ئەمهریکا یان هاوپەیمانەکان، دەبێتە هۆی کۆتاییهێنان بە رژێمەکەی کۆریای باکوور.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ یوون سوک یۆل سەرۆکی کۆریای باشوور، لە کۆشکی سپی، جۆ بایدن رایگەیاند، رێککەوتنی سەربازی دوولایەنە لەنێوان واشنتن و سیئۆل رووبەرووبوونەوەی هەرەشەکانی پیۆنگیانگی لەخۆگرتووە.
جۆ بایدن ههروهها گوتی: "رێککەوتنی سەربازی دوولایەنەی نێوان واشنتن و سیئۆل زۆر بەهێزە، رووبەرووبوونەوەی هەرەشە ئەتۆمییەکانی لەخۆگرتووە".
دهشڵێت: "هێرشی ئەتۆمی لەلایەن کۆریای باکوورەوە بۆ سەر ئەمهریکا یان هاوپەیمان و هاوبەشەکانمان قبوڵکراو نییە و دەبێتە هۆی کۆتاییهێنان بەو رژێمە".