ئەمساڵ مردن بە کۆرۆنا بە رێژەی سەدا 95ی کەمیکردووە

کۆرۆنا
کۆرۆنا

K24 - هەولێر:

تیدرۆس ئەدهانۆم، سەرۆکی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رایگەیاند، رێژەی مردن بە ڤایرۆسی كۆرۆنا بەردەوام لە کەمبوونەوەدایە بەجۆرێك لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەكو ئێستا بەڕێژەی 95% كەمیكردووە.

لەگەڵ ئەمەش سەرۆكی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی هۆشداریشیدا، دەرکەوتنی گۆڕاوی نوێ دەریدەخات کە ڤایرۆسەکە هێشتا گۆڕانکاری بەسەردا دێت و توانای ئەوەی هەیە شەپۆلی نوێ دروست بکات.

هەر لەم مانگەدا، پاش سێ ساڵ لە سەپاندنی، جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا بەفەرمی دۆخی لەناکاوی نیشتیمانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای لە وڵاتەکەی هەڵگرت.

بایدن واژۆی لەسەر پرۆژەیاسایەکی کۆنگرێس بۆ کۆتاییهێنان بە دۆخی کۆرۆنا کردووە، کە بەپێی پرۆژە یاساکە چیتر ئەمەریکا لەژێر هەڕەشەی مەترسی کۆرۆنادا نییە.

ئەمەریکا یەکێک بوو لەو وڵاتانەی ڤایرۆسی کۆرۆنا زیانێکی گەورەی مرۆی و ئابووری پێگەیاند و بەپێی ئامارەکان یەک ملیۆن کەس لەو وڵاتە بەهۆی کۆرۆناوە گیانیانلەدەستداوە.