ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا: راگرتنی هەناردەی نەوتی کوردستان لە بەرژەوەندی ئێرانە

کێڵگەیەکی نەوتی
کێڵگەیەکی نەوتی

K24 - هەولێر

ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا رایدەگەیەنێت، راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە بەرژەوەندی ئێرانە.

مایکڵ مەککۆڵ، سەرۆکی لیژنەی کاروباری دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا لە تویتێکدا نووسیویەتی "زۆر نیگەرانن لەوەی هێشتا بەغدا هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستانی دەستپێنەکردووەتەوە، راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە بەرژەوەندی رژێمی ئێرانە".

ئاماژەی بەوەشدا، دەبێت ئیدارەی بایدن فشار لە حکومەتی عێراق بکات، بۆ ئەوەی هەڕەشەکانی سەر ئاسایش و سەقامگیری وزە لە ناوچەکە چارەسەر بکرێن.

رۆژی 25/3/2023، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە راگیرا، ئەمەش دوای ئەوەی دادگای ناوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس کەیسێکی لەنێوان تورکیا و عێراق یەکلایی کردەوە.

چەند رۆژێک لەمەوبەر لەمیانی دیداری لەگەڵ ژمارەیەک میدیاکار و رۆژنامەنووس، محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند "بەمنزیکانە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکاتەوە، پاش رێککەوتنی هەرێم و بەغدا هەندێک رێکار هەن بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت کە زۆرینەیان تەواو بوونە".

رۆژی 4/4/2023، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و محەممەد شیاع سوودانی، رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا لەبارەی هەناردە و فرۆشتنی نەوت و داهات واژۆکرا.