توێژەرێکی هۆڵەندی: حکومەتی هەرێم ئارەزوومەندە لە پەرەپێدانی زیاتر بە لێکۆڵینەوە لە پرسی کورد

پڕۆفیسۆر مارتن ڤان بروونسن
پڕۆفیسۆر مارتن ڤان بروونسن

K24 - هەولێر:

توێژەرێکی هۆڵەندی کە خاوەنی چەندین لێکۆڵینەوە و کتێبە سەبارەت بە مێژوو و ئەدەبیاتی کورد دەڵێت: حکومەتی هەرێمی کوردستان ئارەزوومەندە لە پەرەپێدانی زیاتر بە توێژینەوەکان لەمەڕ کورد و کوردستان وەک شێوازێکی "نەرمی دیپلۆماسی".

لەمیانی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ دلۆڤان عیمادەددین، پەیامنێری کوردستان24 لە لەندەن لە پەراوێزی کۆنفڕانسی توێژینەوەی کوردی کە لەلایەن زانکۆی لەندەن بۆ زانستە ئابووری و سیاسییەکان رێکخرابوو، پڕۆفیسۆر مارتن ڤان بروونسن تیشکی خستە سەر چەندین بابەت سەبارەت بە توێژینەوە لەبارەی کولتوور و دابونەریتی کورد وەک نەتەوەیەکی دێرینی ناوچەکە.

ئەو پرۆفیسۆرە کە لە ئێستادا لە زانکۆی ئوترێختی هۆڵەندا کاردەکات، ئاماژەی بەوەدا، یەکێک لە هۆکارەکان کە وایکردووە توێژەرانی بیانی و کوردیش ئارەزوومەند بن لە لێکۆڵینەوە لەو بابەتە بوونی چەند هۆکارێکی سیاسیین وەک بوونی چەند قەوارەیەکی نیمچە سەربەخۆ لە ناوچەکە وەک حکومەتی هەرێمی کوردستان.

ئەو لێکۆڵەرە ئاماژەی بە هەوڵەکانی حکومەتی هەرێم کرد لە پەرەپێدان بە توێژنەوەکانی سەبارەت بە کورد بۆ ناساندنی نەتەوەی کورد و مێژووەکەی کە خۆیان دەبیننەوە لە سازدانی کۆنفڕانسێکی گەورەی توێژینەوە سەبارەت بە کورد و پشتیوانیکردنی زانکۆکانی وڵاتانی رۆژئاوا و ئەمەریکا لەسەر پرسی کورد.

ڤان بروونسن رایگەیاند، "حکومەتی هەرێمی کوردستان ئارەزوومەندە لە پەرەپێدانی زیاتر بە لێکۆڵێنەوە لە پرسی کورد وەک شێوازێکی نەرمی دیپلۆماسی هەروەک تورک و ئێرانییەکان کە لەماوەی رابردوودا پاڵپشتی داراییان پێشکەش بەو لێکۆڵینەوانە کردووە کە پەیوەست بوون بە نەتەوەکانی خۆیانەوە."

زانکۆی ئێگزیتەر لە بەریتانیا و زانکۆی ئەمەریکی لە واشنتن و چەند زانکۆیەکی دیکە لە ئەڵمانیا و وڵاتانی دیکەی ئەوروپا، توێژینەوەیان لەسەر پرسی کورد ئەنجامداوە.

ئەو پرۆفیسۆرە کە خاوەنی حەوت کتێبە لەسەر چەندین بابەتی جیاواز بە پرسی کورد، "هاوسۆزی" بۆ گەلی کورد پەیداکردووە، لەوکاتەی بەشێک لەو نووسەرانەی لەسەر پرسی کورد لێکۆڵینەوەیان کردبوو لە دوای کودەتا سەربازییەکەی ساڵی 1971 لە تورکیا زیندانیکران. وەک گەریدەیەک بە ناوچەکە، ڤان بروونسن سەردانی چەندین ناوچەی کردووە لە باکوور، باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان.

یەکێک لە کتێبەکانی نووسەر بریتییە لە لێکۆڵینەوەیەک بە ناونیشانی "شێخ، ئاغا و دەوڵەت" کە تیشکدەخاتە سەر لە دایکبوونی هەستی نیشتمانپەروەری لەلای کورد، رووخانی ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی و شۆڕشی کورد لە باکووری کوردستان و رەوشی کورد لە عێراق و ئێران. هەروەها باس لە رۆڵی خێڵ و شێخەکانی کورد دەکات و سرووشتی پەیوەندییان لەگەڵ دەوڵەت.

ئەو پرۆفیسۆرە پێی وایە کە خواست بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر پرسی کورد دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی هەردوو ئیمپڕاتۆریەتەکانی رووسیا و بەریتانیا کە پێویستیان بە تێگەیشتن هەبووە لە نەتەوەکانی ناوچەکە بۆ فرانکردنی دەسەڵاتەکانیان. بەشێک لەو زانیار و نووسینانە لەسەر پرسی کورد لە لایەن نێردەی وڵاتەکانیانەوە تۆمارکراون و دواتر بەشێکیان بوون بە توێژەر لە زانکۆکانی لەندەن و سانت پیتەرسبێرگ.

کورد خاوەنی چوار زمانە

ئەو توێژەرە ئاماژە بەوە دەدات کە یەکێک لە ئالنگارییەکانی نەتەوەی کورد بریتییە لە "نەبوونی یەک زمانی یەکگرتوو". ئەو پێی وایە کە زاراوەکانی سۆرانی و کرمانجی و زازاکی و هەورامی "چوار زمانی جیاوازن" و جیاوازییەکانی نێوانیان وەک جیاوازی زمانەکانی ئینگلیزی، ئەڵمانی و فەرەنسیین.

ڤان بروونسن زیاتر دەڵێت "بەڵام ئەو شتەی کە وەک یەک زمان کوردەکان کۆدەکاتەوە بریتییە لە ئارەزووی سیاسییان بۆ پێکەوە بوون."