گرژییەکانی نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا بەردەوامە

سنووری نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا
سنووری نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا

K24 - هەولێر:

نیکۆل پاشینیان، سەرۆکوەزیرانی ئەرمینیا داوای لە رووسیا کرد، کۆنترۆڵی رێگایەکی گرنگ لە ناوچەی ناگۆرنۆی قەرەباخی جێناکۆکدا بکات، کە باکۆ لەم دواییانەدا خاڵێکی پشکنینی لێداناوە.

لەدوای ئاگربەستی ساڵی 2020ـەوە، رووسیا تیمێکی ئاشتیپارێزی رەوانەی ناگۆرنۆ قەرەباخ کردووە بۆ دڵنیابوون لە هاتووچۆ لە دەروازەی لاچین، کە تاکە رێگایە ئەرمینیا بەو ناوچە جیابووەوە دەبەستێتەوە کە زۆرینەی ئەرمەنن.

لەلایەکی دیکەوە، یەکشەممەی رابردوو ئازەربایجان خاڵێکی پشکنینی لە دەروازەی ناگۆرنۆی قەرەباخ دانا، بەوەش ئەرمینیا باکۆی تۆمەتبار کرد بەوەی کە نزیکەی شەش مانگ لەمەوبەر ئەم رێگایە گرنگەی داخستووە.

هەر ئەمڕۆ پێنجشەممە (27ـی نیسان/ئێپڕڵی 2023)، نیکۆڵ پاشینیان بۆ ئاژانسی فرانس پرێس گوتی: "جگە لە فیدراسیۆنی رووسیا هیچ کەسێک مافی کۆنترۆڵکردنی رێرەوەکەی نییە و ئامانجی باکۆ پاکتاوکردنی نەتەوەیی ئەرمەنەکانی قەرەباخە".

دروستکردنی بەربەستی هاتووچۆ لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئازەربایجانەوە گرژیی نێوان ئەرمینیا و ئەو وڵاتە گەورەتر دەکات و باکۆش بە بیانووی پرسە ئەمنییەکانەوە رەوایەتی بە دامەزراندنی ئەو بازگەیە دەدات.

ئەو دوو کۆمارەی پێشووی یەکێتی سۆڤیەت کە دەکەونە قەفقاز لە دوو جەنگدا رووبەڕووی یەکتر بوونەتەوە، یەکێکیان لە سەرەتای ساڵانی نەوەدەکان و ئەوی دیکەیان لە ساڵی 2020، بە ئامانجی کۆنترۆڵکردنی ناوچەی شاخاوی قەرەباخ.

رۆژی چوارشەممەی ڕابردوو، پاشینیان لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا قسەیکردووە، بەگوێرەی بەیاننامەیەکی رۆژنامەوانی کرێملین، لە گفتوگۆکانیاندا ئاماژەیان بە پێویستی "سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە" کردووە.

لە چەند مانگی رابردوودا رووسیا و یەکێتی ئەوروپا و ئەمەریکا لەلایەن خۆیانەوە، هەوڵیانداوە پرۆسەی ئاشتی نێوان باکۆ و یەریڤان دەستپێبکاتەوە، بەڵام تائێستا سەرکەوتوونەبوون و پەیوەندییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە ئاسایی نەبووەتەوە.