بڕیارە باجی داهاتی زیادە لە کۆمپانیا گەورەکانی رووسیا وەربگیرێت

ئاڵای رووسیا
ئاڵای رووسیا

K24 - هەولێر:

ئانتۆن سیلوانۆڤ، وەزیری دارایی رووسیا رایگەیاند، بەم نزیکانە پڕۆژەیاسایەک پێشکەش بە حکومەت دەکەن بۆ وەرگرتنی باجی داهاتی زیادە لە هەندێک کۆمپانیای گەورەی ئەو وڵاتە.

سیلوانۆڤ لە شاری سان پێترسبورگ-ی رووسیا لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەنووسان رایگەیاند، پڕۆژەیاسایەک ئامادە دەکرێت بۆ وەرگرتنی باجی داهاتی زیادە لە هەندێک کۆمپانیای ئەو وڵاتە.

ئانتۆن سیلوانۆڤ روونی کردەوە، پڕۆژە یاساکە سەرەتا بۆ دامەزراوە جیاوازەکانی وڵات دەنێردرێت، دواتر راوێژ بە یەکێتیی پیشەسازی و خاوەنکارانی رووسیاش دەکرێت.

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئایا بەم زووانە پڕۆژە یاساکە پێشکەش بە حکومەت دەکەن یان نا، سیلوانۆڤ گوتی: "بەڵێ بەم زووانە پڕۆژە یاساکە پێشکەش بە حکوومەت دەکەین".

سیلوانۆڤ جەختی لەوە کردەوە، ئەگەر پڕۆژە یاساکە پەسەند بکرێت، کاریگەری لەسەر لە سەدا 10ی کۆمپانیا باجدەرەکانی وڵات دەبێت و رایگەیاند کە لێخۆشبوونی جۆراوجۆر بۆ کۆمپانیا بچووک و مامناوەندەکان و هەروەها کۆمپانیاکانی نەوت و خەڵووز جێبەجێ دەکرێت.

ناوبراو، لە 17ی شوباتیشدا لە لێدوانێکیدا رایگەیاندبوو، ئامانجیان ئەوەیە لە رێگەی باجی داهاتی زیادەوە 300 ملیار روبڵ (نزیکەی 3.8 ملیار دۆلار) بۆ بودجە زیاد بکەن.