پارێزگاری هەولێر سەردانی ئەنیستیتۆی کوردی لە پاریس کرد

پارێزگاری هەولێر سەردانی ئەنیستیتۆی کوردی لە پاریس کرد | وێنە: پارێزگای هەولێر
پارێزگاری هەولێر سەردانی ئەنیستیتۆی کوردی لە پاریس کرد | وێنە: پارێزگای هەولێر

K24 - هەولێر:

رۆژی هەینی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، سەردانی ئەنیستیتۆی کوردی لە پاریس کرد و لە لایەن کەنداڵ نەزان، سەرۆکی ئەنیستیتۆی کورد لە پاریس، پێشوازی لێکرا.

بە گوێرەی راگەیەندراوی پارێزگای هەولێر، لە دیدارەکەدا گفتوگۆ لە بارەی کەلتوور و زمان و مێژووی کوردی کرا و تیشک خرایەسەر کاروچاڵاکییە ڕۆشنبیری و لێکۆلینەوەکانی پەیمانگای ناوبراو، دواتر چەند پرسێکی دیکەی مێژوویی لە بارەی خەباتی کورد و هۆشیارکردنەوەی تاکی کورد لە هەمبەر خەباتی گەلەکەمان و تێکۆشانی لە پێناو بدەستهێنانی ماف و چارەنووسی خۆی خرایە ڕوو.

ئاماژە بەوەشكراوە، پارێزگاری هەولێر سوپاسی کەنداڵ نەزان و ئەندامانی دیکەی پەیمانگای کرد لە بەرامبەر کارەکانیان بۆ ئاسانکاری و ئاڵوگۆڕی ئەکادیمی و ڕۆشنبیری و کەلتووری لە نێوان کورد و غەیرە کورد، بەتایبەتی لەگەڵ فەرنسییەکان و پێشکەشکردنی توێژینەوەی جۆراوجۆری کۆمەڵایەتی و سیاسی بە هاوکاری زانایان و توێژەرانی جیهان لەسەر بەرەوپێشبردی پرسی کورد.

ئەوەش خراوەتەڕوو، ئەنیستیتۆی کورد لە پاریس، ڕێکخراوێکی قازانج نەویستە و لە ساڵی 1983 لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا دامەزراوە و ئامانجی سەرەکیی پێشخستن و پاراستنی کەلتوور و زمان و مێژووی کوردە، هەروەها ناوەندێکی ڕۆشنبیرییە و لێکۆڵینەوە دەکات بۆ ئاڵوگۆڕی ئەکادیمی و ڕۆشنبیری لە نێوان پێکهاتەی کورد و غەیرە کورد، ئەوە جگە لەوەی بەشێک لە چالاکی و ئەرکە سەرەکییەکانی بریتین لە بڵاوکردنەوەی کتێب و بابەت و ڕاپۆرت لەسەر مێژوو و کەلتوور و زمان و سیاسەتی کورد و لەپێناو پەرەپێدانی دیالۆگ و لێکتێگەیشتن لەگەڵ وڵاتان، ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە بەرەوپێشبردن و پاراستنی میراتی دەوڵەمەندی کەلتووری گەلی کورد.