عەبدوڵڵا کوێخا موبارەک لەبارەی کوژرانی کوڕەکەیەوە روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە

عەبدوڵڵا کوێخا موبارەک و کوڕەکەی
عەبدوڵڵا کوێخا موبارەک و کوڕەکەی

K24 - هەولێر:

دوای کوشتنی یەکێک لە کوڕەکانی لە چەند رۆژی رابردوو لە چەمچەماڵ، لە روونکردنەوەیەکدا، عەبدوڵڵای کوێخا موبارەک باسی لە رووداوەکە دەکات و رایگەیاندووە، ئەو کوڕەی کوژراوە بە جەستە خاوەن پێداویستی تایبەت بووە و دووربووە لە هەموو ململانێیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی.

دوای كوژرانی كوڕه‌كه‌ی له‌ شارۆچكه‌ی چه‌مچه‌ماڵ، عه‌بدوڵڵای كوێخا موباره‌ك له‌ روونكردنه‌وه‌یه‌كدا ده‌ڵێت، "ئێمە ھەرگیز خوازیاری ئەو بارودۆخە نەخوازراو و ململانێ ناوخۆییە نەبووین و نین، کە تاقمێکی چەتە گەرایی لە یاسا دەرچوو بەسەرماندا سەپاندویانە و بە دروشمی یان لەگەڵمانبە یان دوژمنمانیت، دەست بۆ ھەموو پیلانگێڕیەکی نائەخلاقی دەبەن و دژی ھەموو بەھا و پیرۆزی و ئازادیەکی ئەو کەسانەن لەگەڵیان نین و ڕا و ڕێگای جیاواز لەوانیان ھەیە".

لە روونکردنەوەکەدا هاتووە، "ئەو دەستە و تاقمە لە درێژەی ھەڵمەتی شەڕانگێزی و ھەوڵی تاوانبارکردن و ناشرین کردنیان، لەبەرئەوەی رامان جیاوازە لەوان و رێگای جیا لەوانمان گرتووەتەبەر، لە گەڕێکی تری شەڕفرۆشی و پیشەی ھەمیشەییان دەستیان بردووە بۆ نائەخلاقیترین و ترسنۆکانەترین کاری نابەجێ و لە رۆژی (25ـی نیسانی 2023) کە زانیویانە ئێمە لە سەفەری دوورین و لە سنووری چەمچەماڵ نین، بە سێ ئۆتۆمبێل و مەفرەزەیەکی تایبەت سەرھەدی جەستە کەمئەندام و بێتاوان و دوور لە ھەموو ململانێیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتیان شەھید کرد".

عەبدوڵڵا کوێخا موبارەک ئەو تۆمەتانەش رەتدەکاتەوە کە ئەوان پەیوەندییان بە کوشتنی کەسێکی ئەو تاقم و بنەماڵەیەوە هەبێت کە ئێستا لە بەرامبەر ئەوە، ئەو کارەیان ئەنجامداوە و رایگەیاندووە، پێشتر هەموو بەڵگە و روونکردنەوەیەکیان پێشکەش بە دادگا کردووە بۆ سەلماندنی بێ تاوانی خۆیان و لە چاوەڕوانی بڕیاری کۆتایی بوون.

هەروەها عەبدوڵڵا کوێخا موبارەک ئاماژەی بەوەشکردووە، "بەڵێن بە روحی پاکی سەرھەدی جوانەمەرگ و خەڵکی کوردستان ئەدەین کە تا دوا ھەناسە کۆڵنادەین و تێدەکۆشین بۆ بەرقەرارکردنی دادپەروەری و کەشێکی ئازاد و ئارام لە کوردستاندا و ئاسودە کردنی ڕۆحی سەرھەدی جوانەمەرگ و بێتاوان".

هەروەها لە کۆتایی روونکردنەوەکەشدا جەخت دەکاتەوە لەسەر کاری سیاسی ئێستای و دەڵێت، "بەڵێنی کۆتایشمان بەردەوام بوونە لەسەر ڕێبازی پیرۆزی بارزانی نەمر بە ڕابەرایەتی مەرجەعی باڵای گەلی کورد سەرۆک مسعود بارزانی و لە ڕێگای پارتی دیموکراتی کوردستانەوە نەتەوە و نیشتیمانی خۆمان خزمەت دەکەین و دەیپارێزین".