بەهۆی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلێک دوو سەرنشین لە پڕۆژەی ئاوی داقووق خنکان
K24 - کەرکووک
درەنگانی شەوی رابردوو ئۆتۆمبیلێک کە چوار سەرنشینی تێدابوو، لەسەر پردی داقووق کەوتووەتە خوارەوە و بەهۆیەوە دوو سەرنشینیان خنکاون کە تائێستا تەرمی یەکێکیان نەدۆزراوەتەوە و دوو سەرنشینی دیکەشیان برینداربوونەوە.
سەرچاوەیەک لە تەندروستی داقووق بە کوردستان24ی راگەیاند، لە ئێستادا دۆخی دوو بریندارەکە جێگرە و لە نەخۆشخانەی داقووق چارەسەر وەردەگرن، گەڕانیش بەدوای تەرمی یەکێک لەو سەرنشینانە بەردەوامە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەو کەسانە دانیشتووی پارێزگای نەجەفن و بە نیازبوونە سەردانی شاری سلێمانی بکەن.
لە ماوەی هەفتەیەکدا بەهۆی داخرانی سایدێکی پردی داقووق نزیکەی 10 هاووڵاتی لە سنووری داقووق بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە.