سەرۆکی تۆڕی "بی بی سی" بەریتانی بەهۆی قەرزی جۆنسۆن دەستی لەکارکێشایەوە

ریچارد شارپ، سەرۆکی تۆڕی "بی بی سی" بەریتانی
ریچارد شارپ، سەرۆکی تۆڕی "بی بی سی" بەریتانی

K24 - هەولێر

سەرۆکی تۆڕی "بی بی سی" بەریتانی، بەهۆ دۆسیەی قەرزی سەرۆکوەزیرانی پێشووی ئەو وڵاتە دەستی لەکار کێشایەوە.

ریچارد شارپ، سەرۆکی "BBC" رۆژی هەینی دەستلەکارکێشانەوەی خۆی پێشکەشکرد، دوای ئەوەی لە لێکۆڵینەوەیەکدا دەرکەوت کە رێساکانی شکاندووە، بەهۆی ئەوەی رۆڵی خۆی لە رێکخستنی قەرز بۆ بۆریس جۆنسۆنی سەرۆکوەزیرانی پێشووی بەریتانیا ئاشکرا نەکردووە.

شارپ دەڵێت: ئەگەر تا کۆتایی خولەکەم لەو پۆستەدا بمێنمەوە، هەست دەکەم لەو کارە باشانە کەم دەبێتەوە کە دامەزراوەکە ئەنجامی دەدات.

شارپ، پێشتر لە بانکی گۆڵدمان ساکس بووە،  لە ساڵی 2021 یشدا بووەتە سەرۆکی "BBC"، لە مانگی شوباتەوە فشارێکی زۆری لەسەر بووە، کاتێک لیژنەیەکی یاسادانەران رایانگەیاندووە، هەڵەی جددی لە بڕیاردان ئەنجامداوە بەهۆی ئەوەی بەشداریکردنی لە قەرزەکەی سەرۆکوەزیرانی پێشووی بەریتانیا رانەگەیاندووە.

شارپ ئاماژەی بەوەشکردووە، داواکارییەکی حکومەتی قبوڵکردووە کە تا کۆتایی مانگی حوزەیران لە پۆستەکەیدا بمێنێتەوە بۆ ئەوەی کات بدات بە حکومەتی بەریتانیا بۆ دۆزینەوەی جێنشینێک بۆ سەرۆکایەتیکردنی "BBC"، کە بودجەی ئەو کۆمپانیایە لە پارەی مۆڵەتدان وەردەگرێت کە بینەرانی تەلەڤزیۆن دەیدەن.

دەسەڵات لێکۆڵینەوە لەوە دەکات، کە ئایا شارپ بە تەواوی وردەکارییەکانی رۆڵی خۆی لە ئاسانکاری بۆ پێدانی قەرزێکی 800 هەزار پاوەندی بە جۆنسۆن کردووە، پێش ئەوەی وەک سەرۆکی "BBC" دەستنیشان بکرێت.

لوسی فرایزەر وەزیری رۆشنبیری بەریتانیا، لە نامەیەکدا کە بۆ ریچارد شارپ، ناردووە، دەڵێت، لە بڕیارەکەی تێدەگات و رێزی لێدەگرێت، هەروەها سوپاسی کارەکانی وەک سەرۆکی دامەزراوەکە  دەکات.

لە رۆژانی رابردوو، پێشکەشکاری وەرزشی "BBC"، گاری لینکەر، لە پۆستەکەی دوورخرایەوە، چونکە گوتبووی "دوای ساڵانی سییەکانی سەدەی رابردوو قسەکانی حکومەت وەکو  قسەکانی ئەڵمانیای نازیە، دەشڵێت "نابێت سەرۆکی "BBC" لەلایەن حکومەتەوە هەڵبژێردرێت".

ئەم دامەزراوە میدیاییە بەریتانییە لە پاییزدا ئاهەنگی سەدەمین ساڵیادی خۆی گێڕا، هەروەها "BBC" لە ساڵانی رابردوودا رووبەڕووی رەخنەی زۆر بووەتەوە لەلایەن پارتی پارێزگارانی دەسەڵاتدارەوە، کە تۆمەتباری دەکەن بە لایەنگری، لەوانەش برێگزیت و گرنگیدان بە بەرژەوەندییەکانی بەرپرسان، نەک چینی کرێکار.