بارانبارین ئاژەڵدارانی ئاکرێی دڵخۆشکردووە و بەرهەمی شیری زیادکردووە

kurdistan24.net

K24 - هەولێر:

ئەمساڵ بەهۆی باران بارینی زۆر و بەردەوام، دەشتایی و گژوگیا لە سنووری ئاکرێ زیادی کردووە، ئەوەش خاوەن مەڕ و ماڵاتەکانی دڵخۆش کردووە و دەڵێن، "ئەمساڵ دەتوانین سوود لەو گژوگیایە ببینین و ئالیکێکی باش بۆ ئاژەڵەکانمان دابین بکەین."

جەمیل حەسەن، یەکێکە لە ئاژەڵدارانی سنووری ئاکرێ؛ بەردەوامی بارانبارینی چەند رۆژی رابردووە دڵخۆشی کردووە و دەڵێت: ماوەی دوو سێ ساڵ بوو، بارودۆخمان زۆر خراپ بوو، نرخی ئاژەڵ زۆر دابەزیبوو، بە پێچەوانەوە، نرخی جوو و پێداویستییەکانی دیکە گران ببوون، بەڵام سوپاس بۆ خوا ئەمساڵ بارودۆخمان زۆر باشە و گژوگیای ناوچەکەمان بووژاوەتەوە.

بووژانەوەی گژوگیای دەڤەرەکە بەرهەمی شیری مەڕ و ماڵاتی زیادکردووە و ئاژەڵدارانی ئاکرێ رۆژانە دوو جار مەڕ و ماڵاتییان دەدۆشن، ئەم چەندە ئەوانیان دڵخۆشکردووە، چونکە لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا وەکو خۆیان باسی لێوەدەکەن، زەرەی زۆریان بینیوە.

سدیق هەرکی، ئاژەڵدارێکی سنووری ئاکرێیە، داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات کارگەیەک لە دەڤەرەکەیان دابمەزرێنێت، بۆ ئەوەی شیری مەڕ و ماڵاتییان پێی بفرۆشن. وەکو خۆی دەڵێت، "ئەمساڵ بەرهەمی شیرمان زۆرە، بەس کەس لێمان ناکڕێت".

سرووشتەکەی لە لایەکەوە و کەشوهەواکەی لە لەلایەکی دیکەوە، وایکردووە ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتییانی ئاکرێ مەڕ و ماڵات بەخێو بکەن و لەو ڕێگەیەوە بژێوی ژیانیان پەیدا بکەن. لە سنووری ئاکرێ زیاتر لە 700 هەزار مەڕ و ماڵات هەن کە لەلایەن هاووڵاتییانەوە بەخێودەکرێن و بۆ مەرامی بازرگانی بەکاردەهێندرێن.