کۆریای باکوور سەرکۆنەی واژووکردنی "راگەیەندراوی واشنتۆن" لە نێوان ئەمەریکا و کۆریای باشووردا دەکات

ئاڵای ئەمەریکا و کۆریای باکوور | وێنە: AA
ئاڵای ئەمەریکا و کۆریای باکوور | وێنە: AA

K24 - هەولێر:

کیم یۆ ژۆنگ، خوشکی کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکوور ئیدانەی "راگەیەندراوی واشنتۆن"ی کرد کە رێککەوتننامەیەکی بەرگرییە و لە نێوان ئەمەریکا و کۆریای باشوور واژوو کراوە.

بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی هەواڵی یۆنهاپی کۆریای باشوور، کۆریای باکوور یەکەم لێدوانی لە بارەی "راگەیەندراوی واشنتۆن" خستووەتەڕوو کە لە میانی سەردانەکەی یوون سووک یۆل، سەرۆکی کۆریای باشوور بۆ ئەمەریکا واژوو کراوە.

لەو بارەیەشەوە کیم یۆ جۆنگ خوشکی سەرۆکی کۆریای باکوور، ئەوەی خستووەتەڕوو، ئەم رێککەوتننامەیە "دوژمنکارانەترین و پەلاماردەرانەترین ئیرادەیە بەرامبەر بە کۆریای باکوور و تەنها دەبێتە هۆی دروستبوونی مەترسی گەورە لەسەر ئاشتی و ئاسایشی جیهان و باکووری رۆژهەڵاتی ئاسیا".

ناوبراو کە لە هەمان کاتدا یاریدەدەری سەرۆکی کۆمیتەی ناوەندی پارتی کرێکارانی کۆریایە، هۆشداری ئەوەشی دایە وڵاتەکەی کە لە ئەگەری روودانی گۆڕانکاری لە رەوشی ئەمنیدا پێویستە "بەهەنگاوی پێداگرانەترەوە هەنگاو بنێن".

کیم یۆ جۆنگ، هاوپەیمانی ئەمەریکا و کۆریای باشووری بە "دوژمن" ناوبرد و باسی لەوەش کرد کە لە ئەگەری بەهێزبوونی هەژموونی ئەتۆمی دەوری نیمچەدوورگەی کۆریا، وڵاتەکەی "مافی بەرگریی لەخۆکردن بەکاردێنێت".

لە 27ی نیساندا "راگەیەندراوی واشنتۆن" لە نێوان جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا و یوون سووک یۆل، سەرۆکی کۆریای باشوور، لە واشنتۆن واژوو کرا.

بەگوێرەی ئەم رێککەوتنە هەردوو وڵات دژ بە چالاکییە ئەتۆمییەکانی کۆریای باکوور، گرووپی راوێژکاری ئەتۆمیی پێکدەهێنن. لە چوارچێوەی ئەم گرووپەدا دەربارەی بابەتە ستراتیجییەکان ئاڵوگۆڕی زانیاری دەکەن و گفتوگۆ دەکەن لەسەر پلاندانان بۆ پێشهاتە چاوەڕواننەکراوەکانی تایبەت بە وزەی ئەتۆمی.

لە ناوەۆکی رێککەوتننامەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە هەماهەنگییەکانی نێوان سوپای هەردوو وڵات زیاتر دەکرێن، هەروەها "هەرهێرشێکی ئەتۆمی کۆریای باکوور بۆسەر کۆریای باشوور بە شێوەیەکی توند وەڵام دەدرێتەوە".