دکتۆر نەوشیروان سادق: پێویستە گۆشتی سوور باش بکوڵێندرێت ئینجا بخورێت

K24  - هەولێر:

پزیشكێكی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی خوێن رایگەیاند، پەتای خوێن بەربوون نەخۆشییەکی ڤایرۆسیە و لەلایەن گەنە و مێشوولە بۆ ئاژەڵ دەگوازرێتەوە، هەروەها لەرێگەی خواردنی گۆشتی ئاژەڵەکە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە. ده‌شڵێت :"پێویستە گۆشتی سوور باش بکوڵێندرێت ئینجا بخورێت".

نەوشیروان سادق پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی خوێن بە کوردستان24ــی راگەیاند، پەتای خوێنبەربوون نەخۆشییەکی ڤایرۆسیە، لەلایەن گەنە و مێشوولە دەگوازرێتەوە بۆ ئاژەڵ و لەرێگەی سەربڕینی ئاژەڵەکە و بەرکەوتنی، بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە.

هەروەها راشیگەیاند، ئەم نەخۆشییە هەموو ساڵێک لە خوارووی عێراق بڵاودەبێتەوە، بەهۆی پابەندنەبوونیان بە رێكکارەکانی خۆپاراستن، بەپێی توێژینەوەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، %30 بۆ %40 توشبووان دەمرن.

پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی خوێن، ئەوەشی خستەڕوو، ئەو ڤایرۆسە کەدێتە ناو لەشی مرۆڤەوە، هێرشدەکاتە سەر رێڕەوی هەناسەدان، هەروەها هێرشدەکاتە سەر مێشک و دەمار، لە ئەنجامدا خوێن لە گوێ، دەم و چاو دێتە دەرەوە، زۆرجار دەبێتە هۆی وەستانی گورچیلەکانیش.

لەبارەی نیشانەکانی نەخۆشی پەتای خوێنبەربوون، نەوشیروان سادق، گوتی: "نیشانە سەرەتاییه‌كانی هاوشێوه‌ی پەتایەکی ئاساییە، بەڵام نیشانە توندەکانی راستەوخۆ دەبێتە هۆی هاتنەدەرەوەی خوێن لە زۆرینەی شوێنەکانی جەستە".

هەروەها گوتیشی: "توشبوو دەبێت لە نەخۆشەکانی دیکە جیا بکرێتەوە، چونکە دەبێتە هۆی گواستنەوەی ڤایرۆسەکە، هەروەها لەڕیگەی هەناسە و لیکی نەخۆش لە کەسێکە و بۆ کەسێکی دیکە دەگوازرێتەوە".

سەبارەت بە خۆپاراستن لە نەخۆشی پەتای خوێنبەربوون، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی خوێن گوتی: "پێویستە گۆشتی سوور باش بکوڵێندرێت ئینجا بخورێت".

نەوشیروان سادق، گوتیشی: "هیچ حاڵەتێکی ئەم نەخۆشییە ئەمساڵ لە هەرێمی کوردستان تۆمارنەکراوە، بەڵام پارساڵ حاڵەت هەبوو".