غەزوان داوودی بۆ کوردستان24: وەعد قەدۆ هەڵیکوتایە سەر بەڕێوەبەرایەتی ناحیەی باشیک

غەزوان داوودی، بەڕێوەبەری ناحیەی باشیک
غەزوان داوودی، بەڕێوەبەری ناحیەی باشیک

K24 – هەولێر:

بەڕێوەبەری ناحیەی باشیک بە کوردستان24ـی راگەیاند، وەعد قەدۆ و ژمارەیەک چەکدار و هاووڵاتی شوێنکەوتووی هەڵیانکوتایە سەر بەڕێوەبەرایەتی ناحیەی باشیک لەوکاتەی لیژنەی بەدوادچوونی حکومەتی عێراق نۆ ناحیەکە.

ئەمڕۆ شەممە (29ـی نیسانی 2023)، هەرچەندە پشووبوو بەڵام لەسەر راسپاردەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق شاندێکی بەدواداچوون سەردانی ناحیەی باشکیان کرد بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لە کێشەکانی ناوچەکە و پرسی دانانی بەڕێوەبەری ناحیەی باشیک.

لەلایەن خۆیەوە، غەزوان داوودی، بەڕێوەبەری ناحیەی باشیک بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەمڕۆ لەکاتی گەیشتنی لیژنەکەی حکومەتی عێراق بۆ پارێزگای نەینەوا و سەردانیکردنی ناحیەکەیان، وەعد قەدۆ، بە ژمارەیەک چەکدار و لایەنگرییەوە هەڵیکوتاوەتە سەر بەڕێوەبەرایەتی ناحیەکە و دروشمی دژ بە ئەویان بەرزکردووەتەوە.

غەزوان داوودی گوتیشی، ئەمڕۆ هەرچەندە پشوو بوو کەچی وەعد قەدۆ ئەم کارەی کردووە کە ئەو بەشێکە لە کێشەکان و نەدەبا لە کاتی گەیشتنی لیژنەکە لەوێ ئامادەبووایە.

غەزوان داوودی، 16ـی ئەم مانگە لەلایەن پارێزگاری نەینەواوە بڕیاری دەستبەکاربوونی وەک بەڕێوەبەری ناحیەی باشیک بۆ دەرچووە و رۆژێک دوای ئەو بڕیارەش دەستبەکاربووە.

بەڵام بەهۆی ئەوەی وەعد قەدۆ، پەرلەمانتاری عێراقی سەر بە گرووپە چەکدارەکانی حەشدی شەعبی دژی بڕیارەکەیە و هەڕەشەی خۆپیشاندان و گردبوونەوەی جەماوەری دەکات، لەماوەی رابردووش چەند ئاڵۆزییەک لە ناوچەکە دروستبوو بەو هۆیەوە.

رۆژی (27ـی نیسانی 2023) محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ نوێنەر و لایەنە پەیوەندیدارەکانی پارێزگای نەینەوا و ناحیەی باشیک کرد و لیژنەیەکی راسپارد بۆ سەردانیکردنی ناوچەکە.

لەلایەن خۆیەوە، شێروان دووبەردانی، ئەندامی لیژنەی هەرێمەکان و پارێزگاکان لە پەرلەمانی عێراق لەمیانی بەشداریکردنی لە ژووری هەواڵی کاتژمێر هەشتی کوردستان24 ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیانی لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق باسکرد و رایگەیاند دۆخی ناوچەکانی دەشتی نەینەوا و نوێنەرایەتییەکانی ناوچەکە و پێکهاتەکانیان بۆ سوودانی روونکردەوە.

شێروان دووبەردانی ئاماژەی بەوەشکرد، راسپاردنی غەزوان داوودی، وەک نوێنەری پێکهاتەی کوردی ناوچەکە، بەشێوەیەکی یاسایی و ئیداریی راسپێردراوە ئەو کورسییەی لە ناحیەی باشیک نوێنەرایەتی دەکات لە پەرلەمانی عێراق لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە بەدەستهاتووە و نوێنەرایەتی هەموو پێکهاتەکانی باشیک دەکات.