ئێلیزا سلۆتکین بۆ کوردستان24: پێویستە ئەمەریکا فشاربکات بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی هەولێر و بەغدا

ئێلیزا سلۆتکین، ئەندامی کۆنگرێسی ئەمەریکا
ئێلیزا سلۆتکین، ئەندامی کۆنگرێسی ئەمەریکا

K24 – ئەمەریکا:

ئەندامێکی کۆنگرێسی ئەمەریکا تایبەت بۆ کوردستان24 رایگەیاند، پێویستە ئەمەریکا فشاری زیاتر لەلایەنەکان بکات بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی نێوان سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان.

ئێلیزا سلۆتکین، ئەندامی کۆنگرێسی ئەمەریکا رایگەیاند، "مشتومڕی زۆرمان لەم بارەیەوە کردووە. بۆیە من بڕوام وایە ئەمە ئەرکی وەزارەتی دەرەوە و کۆنگرێسی ئەمەریکایە فشار لەلایەنەکان بکەن بۆ جێبەجێکردنی".

ئەو ئەندامەی کۆنگرێسی ئەمەریکا جەخت لەسەر گرنگی جێبەجێکردنی دەستوور دەکاتەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، "پێش هەموو شتێک پێویستە جەخت لەسەر جێبەجێکردنی دەستووری عێراق لەبارەی دابەشکردنی داهات، بە تایبەتیش داهاتی نەوت بکرێتەوە".

هەروەها ئێلیزا سلۆتکین روونیکردەوە، جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنەی لەنێوان سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و سەرۆکوەزیران محەممەد شیاع سوودانی، ماوەیەک لەمەوبەر کرا، بەرەوپێشچوونی باش و لێکتێگەیشتن هەیە، بەڵام تەنیا پێویستی بە جێبەجێکردن هەیە.

رۆژی (4ـی نیسانی 2023) رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا لەبارەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان واژووکرا.

بەپێی رێککەوتنەکەش، نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە لەلایەن کۆمپانیای سۆمۆوە دەفرۆشرێت و داهاتەکەی لە هەژمارێکی بانکی تایبەتدا هەڵدەگیرێت کە لەژێر کۆنترۆڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت.