فەرماندەی سوپای سوودان: پابەندین بە گێڕانەوەی حکومەتێکی مەدەنی بۆ سوودان

عەبدولفەتاح بورهان، فەرماندەی سوپای سوودان | وێنە: AFP
عەبدولفەتاح بورهان، فەرماندەی سوپای سوودان | وێنە: AFP

K24 - هەولێر:

عەبدولفەتاح بورهان، فەرماندەی سوپای سوودان لە راگەیەندراوێکدا جەختی لەوەکردەوە، سوپا نابێتە پاڵپشتیکاری هیچ هێزێکی سیاسی بۆ دەستبەسەرداگرترتنی دەسەڵات.

وەکو ئەوەی فەرماندەی سوپای سوودان ئاماژەی پێ دەدات، پابەندن بە گێڕانەوەی حکومەتێکی مەدەنی بۆ وڵاتەکەیان.

بە گوتەی عەبدولفەتاح بورهان، توانیویانە رووبەڕووی "هەوڵی دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵات لەرێگەی هێزەوە" ببنەوە و شکست بەو هەوڵانە بهێنن.

هاوکات هێزەکانی پشتیـوانی خێرا هۆشداریاندایە پۆلیسی سوودان لە تێوەگلانیان لەپێکدادانەکان و نیشاندانی لایەنگری بۆ عەبدولفەتاح بورهان.

رۆژی شەممە 29ـی نیسانی 2023، عەمید نەبیل عەبدوڵڵا، گوتەبێژی سوپای سوودان لەڕێگەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنییەوە بە کوردستان24ـی راگەیاند، هەموو جۆرە گفتوگۆیەک لەگەڵ هێزەکانی پشتیوانی خێرا رەتدەکەنەوە، "چونکە ئەوەی هێزەکانی پشتیوانی خێرا دەیکەن، کودەتایە دژ بە سوپا و پێویستە سزا بدرێن".

لەبارەی ئەگەری ئەنجامدانی دانوستاندن لەگەڵ هێزەکانی پشتیوانی خێرا، گوتەبێژی سوپای سوودان بە کوردستان24ـی گوت، "تا ئەو کاتەی هێزەکانی پشتیوانی خێرا چەکەکانیان دانەنێن، هیچ جۆرە گفتوگۆیەکیان لەگەڵدا ناکەین. بڕیارەکە بەدەست خۆیانە، با بێن چەکەکانیان رادەست بکەن و بە شێوەیەکی ئاشتییانە گفوگۆ بکەین، یان با بەردەوام بن لە شەڕکردن، ئێمەش بە هێز کێشەکە یەکلادەکەینەوە، هەرچەندە پێشمان ناخۆشە".

رۆژی هەینی 28ـی نیسانی 2023، بە نێوەندگیری ئەمەریکا و سعوودیە، سوپای سوودان رەزامەندی نیشاندا ئاگربەست لە خەرتوومی پایتەخت و چەند شارێکی دیکەی ئەو وڵاتە بۆ 72 کاتژمێری دیکە درێژ بکرێتەوە، بەڵام ئاژنسەکانی هەواڵ ئاماژە بەوە دەکەن، سەرباری هەبوونی ئاگربەست، پێکدادان لە شاری خەرتومی پایتەخت و باشووری ئوم دەرمان بەردەوامی هەیە، سەربازانی هێزەکانی پشتیوانی خێراش لەناوچەکانی نیشتەجێبوون جێگیرکراون.

بەگوتەی عەمید نەبیل عەبدوڵڵا، "ئەگەری زۆرە بە نێوەندگیری ئەمەریکا و سعوودیە و ژمارەیەک لە وڵاتان ئاگربەستە راگەیەندراوەکە نێوان سوپا و هێزەکانی پشتیوانی خێرا بۆ ماوەیەکی زیاتر درێژ بکرێتەوە و ئێمە لەگەڵ ئەوەداین کێشەکان بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێن، نەک بە هێز".

سەندیکای پزیشکانی سودان ئاشکرایکرد، ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی پێکدادانەکانەوە 528 کەسی تێپەڕاندووە و %70ی نەخۆشخانەکانی شاری خەرتومیش لەخزمەتکردن وەستاون.

ئەو بەرپرسەی سوپای سوودان لەبارەی داخرانی باڵیۆزخانەی ژمارەیەک وڵاتان لە خەرتوومی پایتەخت، ئاماژەی بەوەکرد، بەهۆی ئەو دۆخە ئاڵۆزەی هاتووەتە ئاراوە، ژمارەیەک وڵات باڵیۆزخانەکانیان بۆ ماوەیەکی کاتی داخستووە و لە ئێستادا سەرقاڵی بردنەوە دەرەوەی هاووڵاتییانیان، بەڵام دوای هێوربوونەوەی دۆخەکە باڵیۆزخانەکانیان دەکەنەوە و دەگەڕێنەوە سەر کارەکانیان.

رۆژی چوارشەممە 19ـی نیسانی 2023، تێدرۆس ئادانۆم، بەڕێوەبەری گشتی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی ئاشکرایکرد، دۆخی سوودان زۆر جێگای نیگەرانییە و بەشێک لە نەخۆشخانەکانی سوودان بەهۆی شەڕ و کەمی کارمەندان و پێداویستی پزیشکییەوە داخراون.

بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی تەندروستی جیهانی گوتی: ئیدانەی هەموو کوشتنەکان دەکەین و هاوسۆزی خوشک و برا سوودانییەکانمانین.

تێدرۆس ئادانۆم رایگەیاند، راپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەدەن، هەندێک لە بنکە تەندروستییەکان تاڵانکراون و هەندێکیش بۆ مەبەستی سەربازی بەکاردێن. بەهۆی شەڕ و کەمی کارمەندان و پێداویستی پزیشکیش بەشێک لە نەخۆشخانەکان داخراون یان لە لێواری داخستنن

لە بەیانی 15ی نیسانی 2023، لە خەرتووم پایتەختی سوودان و چەندین شاری دیکە پێکدادان لەنێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا سەریهەڵدا.

ئەو ناکۆکییانەی لە چەند مانگی رابردوودا دەربارەی چاکسازی سەربازیی لە ئارادابوون و تییادا پێشنیاز کرابوو هێزەکانی پشتیوانی خێرا "بەتەواوی ببێتە بەشێک لە سوپا" گۆڕا بۆ پێکدادان.