لامین یامال؛ ئەو منداڵەی لەگەڵ بارسێلۆنا مێژووی تۆمارکرد

لامین یامال
لامین یامال

لامین یامال لە یاریی بارسێلۆنا و ریال بیتیس مێژووی نووسییەوە، ئەم منداڵە 15 ساڵانە خەونەکەی هاتەدی و یەکەم یاریی بە درێسی بارسێلۆنا ئەنجام دا.

لە گەڕی 32ـی لالیگا لە خولەکی 83 رووداوێکی مێژوویی روویدا، منداڵێکی دیکەی ئەکادیمیای بەناوبانگی لاماسیا هاتە سەر لاکێشەی سەوزی کامپ نوو، لامین یامال کە تەمەنی 15 ساڵ و 290 رۆژە، هاتە شوێنی گاڤی و بووە بچووکترین یاریزان لە مێژووی بارسێلۆنا لە یارییەکی لالیگا بەشداریی کردبێت.

لامین یامال لەکاتی هاتنە ناوەوەی لە یاریی ریال بیتیس
لامین یامال لەکاتی هاتنە ناوەوەی لە یاریی ریال بیتیس

لامین یامال کێیە؟

لامین یامال نەسراوی لە باوکێکی مەغریبی و دایکێکی غینیای کەمەری لە شاری ماتارۆ رۆژی 13ـی تەممووزی 2007 لەدایکبووە، ئەم منداڵە 15 ساڵانە لە تەمەنی 5 ساڵییەوە پەیوەندی بە ئەکادیمیای لاماسیا کردووە و هەر لەو ئەکادیمیایە پێگەیشتووە، مانگی سێپتێمبەری 2022 لەلایەن چاڤییەوە بانگهێشتی تیپی یەکەم کرا بۆ ئەوەی مەشق و راهێنان لەگەڵ یاریزانانی بلاوگرانا بکات.

لامین هاوشێوەی مێسی لە هێلی پێشەوە دەتوانێت لە زۆربەی شوێنەکان یاریی بکات، لە باڵەکان و ناوەڕاست و هێرشبەر یاریی دەکات و خاوەنی نەرمونیانی و جوڵانەوەیەکی تایبەتە، هەربۆیە میدیاکانی کەتەلۆنیا بە لیۆنێل مێسی ئەفسانەی ئارجێنتینی دەچووێنن.

ئەم کوڕە مەغریبییە لە هەڵبژاردەی خوار 14 ساڵان و 15 ساڵان یاریی کردووە، بەڵام فیدراسیۆنی تۆپی پێی مەغریب دەیانەوێت رازی بکەن درێسی هەڵبژاردەی مەغریب بپۆشێت و پەیوەندیی بە هەڵبژاردەی لاوانەوە بکات، وەکچۆن مونیر حەدادی و عەبدولسەمەد زەلزولیییان رازیکرد لەجیاتی ئیسپانیا یاریی بۆ مەغریب بکات.

چاڤی لەبارەی لامین یامالەوە چی دەڵێت؟

دوای یارییەکەی ریال بیتیس چاڤی هێرناندێز راهێنەری بارسێلۆنا لەبارەی لامین یامالەوە گوتی: وەکو ئەوەی پێشبینی دەکرا گەرچی یامال تەمەنی بچووکە بەڵام بەبێ ترس یاریی دەکرد، یامال لە هێلی پێشەوە بەهرەیەکی زۆر تایبەت و ناوازەی هەیە کە ئەستەمە هەروا بە ئاسانی دەست بکەوێت، ئەو زۆر بە ئاسانی و بەهێزەوە لەگەڵ هاوڕێیەکانی دەگونجێت، ئەو یاریزانێکی زۆر زیرەکە، خاوەنی توانایاکی گەورەیە و لە داهاتوودا دەبێتە یاریزانێکی گەورە.

لامین یامال لەگەڵ مێسی
لامین یامال لەگەڵ مێسی