زیاتر لە 13 هەزار پارچە زەوی لە سنووری هەولێر تاپۆ دەکرێن؛ "نرخەکەیان بەرز دەبێتەوە"

kurdistan24.net

K24 - هەولێر:

لەماوەی سێ مانگدا 13 و 289 پارچە زەویی هاووڵاتییان لە سنووری پارێزگاری هەولێر لە کارتەوە دەکرێنە سەنەد. بەڕێوەبەری گشتیی تاپۆی خانووبەرە لە هەولێریش دەڵێت، "تا هاووڵاتیان سەنەدەکان لەسەر ناوی خۆیان تۆمارنەکەن؛ نابنە خاوەنی راستەقینە و یاسایی مۆڵکەکانیان".

لە سنووری شارەوانیی قەزا و ناحیەکانی سەر بە پارێزگای ھەولێر، لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا ژمارەیەکی بەرچاوی زەوی دابەش کرابوون، بەڵام ھێشتا کارتن و نەکراونەتە سەنەد.

رۆژی یەکشەممە 30ـی نیسانی 2023، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، وەکو یەکێک لە کارەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، 13 هەزار و 289 پارچە زەوی دیکە لە سنووری پارێزگای هەولێر لە کارتەوە دەکرێنە سەنەد (تاپۆ دەکرێن).

کارەکە لەلایەن یەکەیەکی حکومییەوە بەڕێوەدەچێت و لوقمان عومەر، بەڕێوەبەری گشتیی تاپۆی خانووبەرە لە هەولێر لەوبارەوە ئاماژەی بەوەکرد، ئەو یەکەیە لەسەر ئاستێکی باڵا دامەزرێندراوە و لەژیر سەرپەرشتیی راستەوخۆی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستانە، بە هاوبەشی لەگەڵ فەرمانگەی تۆمارکردنی خانووبەرە و سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر و بە هەوکاری لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کشتوکاڵی پارێزگاکە.

لوقمان عومەر روونیشیکردەوە، پێویستە هاووڵاتییان سەردانی سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی شارەوانییەکان بکەن، بۆ ئەوەی "ئەو سەنەدانەی بەناوی شارەوانی کراون، بەناوی خۆیان تۆمار بکەن". گوتیشی: پڕۆسەکە بۆ ماوەی سێ مانگ بەردەوام دەبێت (01-05-2023 تا 01-08-2023)

بەگوتەی بەڕێوەبەری گشتیی تاپۆی خانووبەرە لە هەولێر، تا ئەو کاتەی هاووڵاتیان سەنەدەکان لەسەر ناوی خۆیان تۆمارنەکەن؛ "نابنە خاوەنی راستەقینە و یاسایی مۆڵکەکانیان و ناتوانن هیچ رەفتار و هەڵسوکەوتێکی یاسایی و ماددی لەسەر بکەن، هەرەوەها بۆیان نییە داوای مۆڵەتی ئاوەدانکردنەوە بکەن".

ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو، "کاتێک ئەو کەسانە دەبنە خاوەنی راستەقینەی مۆڵکەکانیان، نرخی زەوییەکانیان بەرزدەبێتەوە، خزمەتگوزاری بۆ دەڕوات و کێشەی کۆمەڵایەتی لەکوڵ دەبنەوە، بۆیە پێویستە ئەو هاووڵاتییانە لە گرنگی ئەو کارە تێبگەن."

رۆژی پێنجشەممە 10/11/2022 ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سەبارەت بە پرۆسەی گۆڕینی زەوییە كارتەكان بۆ سەنەد لە شاری هەولێر و دەوروبەری، ڕایگەیاند: بە مەبەستی چارەسەركردنی گرفتی زەوییە كارتەكان و گۆڕینیان بە سەنەد "بەڕێوەبەرایەتیی یەكەی گۆڕینی كارتی زەوی بۆ سەنەد"مان لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دامەزراند و ئێستا ئەندازیاران و فەرمانبەرانی ئەم یەكەیە بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان كار لەسەر گۆڕینی كارتەكانی شاری هەولێر و دەوروبەری دەكەن و تاوەكوو ئێستاش ژمارەیەكی زۆر كارتی زەوی كراون بە سەنەد.