یەکەم فڕۆکەی هاوکاری پزیشکی گەیشتە سوودان

فڕۆکەیەکی هاوکاری پزیشکی (ئەرشیف)
فڕۆکەیەکی هاوکاری پزیشکی (ئەرشیف)

K24 - هەولێر:

ئەمڕۆ یەک شەممە، یەکەم فڕۆکەی هاوکاری خاچی سوور، گەیشتە سوودان، سەرەڕای ئەوەی شەڕی نێوان سوپای ئەو وڵاتە و هێزەکانی پشتیوانی خێرا بەردەوامە.

بەرپرسانی سوودان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایانگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە، 30ی نیسان 2023، یەکەم فڕۆکەی هاوکاری خاچی سووری نێودەوڵەتی، لە عومانەوە گەیشتە شاری بۆرتسوودانی وڵاتەکەیان، ئەمەش لە چوارچێوەی هاوکاریە نێودەوڵەتییەکانە.

لات خۆیەوە، لیژنەی خاچی سووری نێودەوڵەتی ئاماژەی بەوەکرد، بەهاوکاری خاچی سووری سوودان، هەشت تۆن پێداویستی پزیشکی بۆ نەخۆشخانەکانی سوودان گەیشتنە ئەو وڵاتە، ئەمەش بۆ چارەسەرکردنی ئەو بریندارانەیە کە لەو شەڕەدا برینداربوونە. ئەمە لە کاتیکدایە لە ئێستادا پێداویستی پزیشکی لە نەخۆشخانەکانی سووداندا نەماون.

رۆژی چوارشەممە 19ـی نیسانی 2023، تێدرۆس ئادانۆم، بەڕێوەبەری گشتی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی ئاشکرایکرد، دۆخی سوودان زۆر جێگای نیگەرانییە و بەشێک لە نەخۆشخانەکانی سوودان بەهۆی شەڕ و کەمی کارمەندان و پێداویستی پزیشکییەوە داخراون.

لە بەیانی 15ی نیسانی 2023، لە خەرتووم پایتەختی سوودان و چەندین شاری دیکە پێکدادان لەنێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا سەریهەڵدا.

ئەو ناکۆکییانەی لە چەند مانگی رابردوودا دەربارەی چاکسازی سەربازیی لە ئارادابوون و تییادا پێشنیاز کرابوو هێزەکانی پشتیوانی خێرا "بەتەواوی ببێتە بەشێک لە سوپا" گۆڕا بۆ پێکدادان.