نەوزاد هادی: لە پارێزگای نەینەوا هێزی چەکدار بەسەر بڕیارە ئیدارییەکاندا زاڵه‌

نەوزاد هادی بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی له‌ پارێزگای نەینەوا
نەوزاد هادی بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی له‌ پارێزگای نەینەوا

K24 – هەولێر:

بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی لە نەینەوا، جەختی لەوەکردوە، لە سنووری پارێزگای نەینەوا هێزی چەکداری بەسەر بڕیارە ئیدارییەکان زاڵه‌.

ئەم قسانه‌ دوای ئەوە دێت کە وەعد قەدۆی په‌رله‌مانتاری عێراقی و ژمارەیەک چەکداری میلیشیا عێراقییه‌كان، هەڵیانكووتایه‌ سەر بەڕێوەبەرایەتی ناحیەی باشیک.

نەوزاد هادی بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی له‌ پارێزگای نەینەوا، لە میانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەی باسی رۆژی كوردستان24، کە ژینۆ محه‌ممه‌د پێشکەشی دەکات، رایگەیاند، لە کاتی هاتنی لیژنەی حکومەتی عێراق، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ناحیەی باشیک، وەعد قەدۆ بە ژمارەیەک چەکدار و لایەنگر هەڵیانکوتایە سەر بەڕێوەبەرایەتی ناحیەی باشیک.

هەروەها راشیگەیاند: "کێشەکان لە پارێزگای نەینەوا جیاوازن و لایەنە کوردییەکان تەبا نیین لەگەڵ یەکتر، هەرچەندە دانانی بەڕێوەبەری ناحیە ئیستحقاقی پارتیە، بەڵام بەهۆی زاڵی هێزە چەکدارەکان بەسەر پارێزگاکەدا، تەواو دۆخی ئەمنی تێکچووە".

لەبارەی کێشەکانی ئەم دوایەی شنگال، نەوزاد هادی گوتی: "پارتی دیموکراتی کوردستان، پابەندە بە رێكکەوتنامەی شنگال، بەڵام تا ئێستا عێراق پابەند نەبووە، بۆیە کێشەکان بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە".

گوتیشی: " پابەندنەبوونی عێراق بە رێککەوتنامەی شنگال، هۆكاری ئه‌م پشێویە بووه‌، کە هێرشکرایە سەر مزگەوتێک، هەروەها ئامانجیان پێکهاتن نییە لەگەڵ هێزە کوردییەکان، بۆیە بەردەوام پشێوی دەنێنەوە و نایەنەوێت بارودۆخی شنگال ئاسایی ببێتەوە".

بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی لە پارێزگای نەینەوا، جەختی لەوەشکردەوە، زۆرینەی خەڵکی شنگال لە کەمپەکان ماونەتەوە و نەگەڕاونەوته‌وە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، چونکە میلیشیا چەکدارەکان نایانەوێت دۆخەکە ئاسیی بێتەوە.

نەوزاد هادی باسی لەوەشکرد، تا رێككه‌وتنی شنگال جێبەجێ نەکرێت، دۆخی قەزاکە ساقامگیر نابێتەوە و ئاوارەکانیش ناگەڕێنەوە و سار ماڵ و حاڵی خۆیان.

رۆژی شەممە (29ـی نیسانی 2023)، لەسەر راسپاردەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق شاندێکی بەدواداچوون سەردانی ناحیەی باشکیان کرد، بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لە کێشەکانی ناوچەکە و پرسی دانانی بەڕێوەبەری ناحیەی باشیک.

لەلایەن خۆیەوە، غەزوان داوودی، بەڕێوەبەری ناحیەی باشیک بە کوردستان24ـی راگەیاند، لەکاتی گەیشتنی لیژنەکەی حکومەتی عێراق بۆ پارێزگای نەینەوا و سەردانیکردنی ناحیەکەیان، وەعد قەدۆ، بە ژمارەیەک چەکدار و لایەنگرەوە، هەڵیکوتایه‌ سەر بەڕێوەبەرایەتی ناحیەکە و دروشمی دژ بە ئەویان بەرزکردووەتەوە.