شا چارلسی سێیەم پاشای راستەقینە بانگهێشت دەکات
K24 - هەولێر:
رەنگە سیمۆن ئەبنی هاستینگ (تەمەن 48 ساڵ)، كه کوڕی جووتیارێکی ئوسترالییە و بانگهێشتی رێوڕه‌سمی تاج له‌سه‌رنانی شا چارڵسی سێیەم کراوە لە كه‌نیسه‌ی وێست مینستەر، تاکە کەس بێت لە ئامادەبووان، کە به‌ڵگه‌ی به‌رده‌ستی هەبێت بۆ ئەوەی ململانێی پاشا بکات بۆ وه‌رگرتنی نازناو و ته‌ختی پاشایه‌تی به‌ریتانیا.
ئه‌م باسه لە لێکۆڵینەوەکانی مایکل جۆنز، مێژوونووسی به‌ریتانی پسپۆڕی سەدەكانی ناوەڕاست سه‌ریهه‌ڵدا، کە 20 ساڵ لەمەوبەر به‌ڵگه‌كانی لە کاتدراڵی رۆیان لە فەرەنسا دۆزییەوە. به شێوه‌یه‌ك بە بڕوای جۆنز به‌ڵگه‌نامه‌كه دەیسەلمێنێت کە شا ئێدواردی چوارەم لە ماوه‌ی نێوان ساڵانی 1461 - 1483 فەرمانڕەوایه‌تی به‌ریتانیای کردووە، له بنه‌ڕه‌تدا منداڵێكی ناشه‌رعی بووه!
جۆنز سه‌رنج بۆ ئه‌وه راده‌كێشێت كه پێنج هەفتە پێش دووگیانبوونی سیسیلی نێڤڵ دۆقه یۆرک، دایکی ئێدواردی حەوتەم، باوکی سەد میل لێیەوە دوور بووە، كه به گوته‌ی جۆنز ئه‌مه به‌ڵگه‌كه پشتڕاست ده‌كاته‌وه.
ئه‌و مێژوونووسه به‌ریتانییه پێی وایه، ئێدوارد میراتگری راستەقینەی تەختی پاشایه‌تی نەبووە و دەبوو هێڵ و پشتی پاشایه‌تی لە جۆرجی برابچووكی ئێدوارد دۆق کلارنسه‌وه بێت، كه ده‌كاته باپیرەی راستەوخۆی سیمۆن ئەبنی هاستینگ.
مایکلی باوکی سیمۆن ئەبنی هاستینگ لە ساڵی 1960 بەریتانیای بەرەو ئوسترالیا بەجێهێشتووه و ئەو خێزانە له ئێستادا خاوەنی هیچ زەوی و ماڵێکی گرانبه‌ها نین لە بەریتانیا، بەڵام بەهۆی ره‌چه‌ڵه‌كه‌كه‌یانه‌وه، نازناوی ئێرلی ئۆف لۆدۆن یان کونت لۆدونی سکۆتلەندییان بە میرات وه‌گرتووە و بۆیان ماوه‌ته‌وه.
به‌ر له ماوه‌یه‌ك تیمێکی بەریتانی بۆ بەرنامەیەکی دیکۆمێنتاری لە ماڵەکەی خۆی لە ئوسترالیا سەردانی سیمۆن ئەبنی هاستینگیان کردبوو بۆ تۆمارکردنی بەرنامەیەک بە ناوی "پاشای راستەقینەی بەریتانیا"، كه له كاتی چوونی ئه‌و تیمه به‌ریتانییه‌دا خانه‌واده‌كه‌ی هاستینگ سه‌ریان سوڕمابوو له‌وه‌ی به‌ڵگه‌كان ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن ئێدواردی حەوتەم کوڕێکی ناشەرعییە، كه ئه‌مه‌ش وا نیشانی ده‌دا سیمۆن ئەبنی هاستینگ پاشای راسته‌قینه‌ی به‌ریتانیایه، به‌ڵام هاستینگ دواتر به تیمه‌كه‌ی راگه‌یاندبوو كه له بیركردنه‌وه و پلانیدا خواستێک بۆ وه‌رگرتنی ته‌ختی پاشایه‌تی به‌ریتانیا بوونی نییە.
وابڕیارە 6ـی ئایاری 2023، رێورەسمی تاج لەسەرنان بۆ شا چارلسی سێیەم وێست مینستەر بەڕێوەبچێت و داوەتکردنی سیمۆن ئەبنی هاستینگیش لەلایەن پادشای نوێی بەریتانیاوە بۆ ئەو رێورەسمە، جارێکی دیکە باسوخواسی بەدوای خۆیدا هێناوە.