سوودان؛ بۆ جاری سێیەم ئاگربەستی نێوان سوپا و هێزەکانی پشتیوانی خێرا درێژکرایەوە

هاووڵاتییەک لە سوودان سەیری شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان سوپای وڵاتەکەی و هێزەکانی پشتیوانی خیرا دەکات | وێنە: Marwan Ali / AP
هاووڵاتییەک لە سوودان سەیری شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان سوپای وڵاتەکەی و هێزەکانی پشتیوانی خیرا دەکات | وێنە: Marwan Ali / AP

K24 - هەولێر:

سوپای سوودان و هیزەکانی پشتیوانی خیرا ئاگربەستی نوێی 72 کاتژمێرییان لەو وڵاتە راگەیاند.

بۆ جاری سێیەم سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا رایانگەیاند، ئاگربەستی مرۆیییان بۆ ماوەی 72 کاتژمێری دیکە درێژکردووەتەوە.

هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە راگەیەندراوێکدا، ئاماژەی بەوە داوە، بە مەبەستی کردنەوەی رێڕەوی مرۆیی و ئاسانکاری بۆ هاتووچۆی هاووڵاتییان و دابینکردنی پێداویستییەکانیان و دڵنیابوون لەوەی کە دەتوانن بگەنە شوێنە سەلامەتەکان، لەمڕۆ بە دواوە ئاگربەستی مرۆیی بۆ سێ رۆژی دیکە درێژکرایەوە.

هەروەها سوپای ئەو وڵاتە رایگەیاندووە، بە هەوڵی سعوودیە و ئەمەریکا، بڕیاریانداوە ئاگربەستەکە بۆ ماوەی 72 کاتژمێری دیکە درێژ بکەنەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە، رۆژی شەممە 29ـی نیسانی 2023، عەمید نەبیل عەبدوڵڵا، گوتەبێژی سوپای سوودان لەڕێگەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنییەوە بە کوردستان24ـی راگەیاند، هەموو جۆرە گفتوگۆیەک لەگەڵ هێزەکانی پشتیوانی خێرا رەتدەکەنەوە، "چونکە ئەوەی هێزەکانی پشتیوانی خێرا دەیکەن، کودەتایە دژ بە سوپا و پێویستە سزا بدرێن".

لەبارەی ئەگەری ئەنجامدانی دانوستاندن لەگەڵ هێزەکانی پشتیوانی خێرا، گوتەبێژی سوپای سوودان بە کوردستان24ـی گوت، "تا ئەو کاتەی هێزەکانی پشتیوانی خێرا چەکەکانیان دانەنێن، هیچ جۆرە گفتوگۆیەکیان لەگەڵدا ناکەین. بڕیارەکە بەدەست خۆیانە، با بێن چەکەکانیان رادەست بکەن و بە شێوەیەکی ئاشتییانە گفوگۆ بکەین، یان با بەردەوام بن لە شەڕکردن، ئێمەش بە هێز کێشەکە یەکلادەکەینەوە، هەرچەندە پێشمان ناخۆشە".

رۆژی هەینی 28ـی نیسانی 2023، بە نێوەندگیری ئەمەریکا و سعوودیە، سوپای سوودان رەزامەندی نیشاندا ئاگربەست لە خەرتوومی پایتەخت و چەند شارێکی دیکەی ئەو وڵاتە بۆ 72 کاتژمێری دیکە درێژ بکرێتەوە.

 عەمید نەبیل عەبدوڵڵا گوتی: "ئەگەری زۆرە بە نێوەندگیری ئەمەریکا و سعوودیە و ژمارەیەک لە وڵاتان ئاگربەستە راگەیەندراوەکە نێوان سوپا و هێزەکانی پشتیوانی خێرا بۆ ماوەیەکی زیاتر درێژ بکرێتەوە و ئێمە لەگەڵ ئەوەداین کێشەکان بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێن، نەک بە هێز".

ئەو بەرپرسەی سوپای سوودان لەبارەی داخرانی باڵیۆزخانەی ژمارەیەک وڵاتان لە خەرتوومی پایتەخت، ئاماژەی بەوەکرد، بەهۆی ئەو دۆخە ئاڵۆزەی هاتووەتە ئاراوە، ژمارەیەک وڵات باڵیۆزخانەکانیان بۆ ماوەیەکی کاتی داخستووە و لە ئێستادا سەرقاڵی بردنەوە دەرەوەی هاووڵاتییانیان، بەڵام دوای هێوربوونەوەی دۆخەکە باڵیۆزخانەکانیان دەکەنەوە و دەگەڕێنەوە سەر کارەکانیان.

سەرەڕای ئاگربەست کە شەوی 28ـی نیسان دەستی پێ کرد، لە خاڵە ناوچە جیاوازەکانی خەرتومی پایتەخت، پێکدادانەکان لە نێوان سوپای وڵات و هێزەکانی پشتیوانی خێرا بەردەوام بوو و هەردوولا یەکتریان بە پێشێلکردنی ئاگربەست تۆمەتبار کرد.

هاوکات دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی سوودان رایگەیاند، بڕیاری داخستنی کایەی ئاسمانی سوودانی تا 13ی ئایار درێژکردووەتەوە. ئەو بڕیارە ئەو گەشتە ئاسمانییانە ناگرێتەوە کە بۆ ناردنی هاوکارییە مرۆییەکان و گواستنەوەی هاووڵاتییان ئەنجام دەدرێت.