پارێزگاری هەولێر بەردی بناغەی دوو شەقامی 30 مەتری دانا

کۆنگرەی رۆژنامەوانی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر
کۆنگرەی رۆژنامەوانی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر

K24 - هەولێر:

پارێزگاری هەولێر بەردی بناغەی دوو شەقامی 30 مەتری لە گەڕەکی 'هەولێری نوێ دانا' و ئاماژەی بەوەکرد، بەردەوام دەبن لە خزمەتکردنی هاووڵاتییانی شارەکە.

ئەمڕۆ دووشەممە 1ـی ئایاری 2023، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە بەبۆنەی رۆژی جیهانی کرێکارانەوە، بەردی بناغەی دروستکردنی دوو شەقامی 30 مەتریی لە گەڕەکی 'هەولێری نوێیان' دانا.

هەر لەو کۆنگرە رۆژنامەوانییەدا پارێزگاری هەولێر گوتیشی: "یەکێک لە شەقامەکان لەسەر بودجەی 15%ـی داهاتی سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێرە و شەقامەکەی دیکەشیان لەسەر بودجەی پارێزگای هەولێر".

بەگوتەی ئومێد خۆشناو، گوژمەی دروستکردنی هەردوو شەقامە 30 مەترییەکە لە گەڕەکی هەولێری نوێ نزیکەی 293 ملیۆن دینارە و هاووڵاتییانی ئەو ناوچەیە زۆر لێیان سوودمەند دەبن.

ئەمە لە کاتێکدایە، رۆژی یەکشەممە 30ـی نیسانی 2023، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، وەکو یەکێک لە کارەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، 13 هەزار و 289 پارچە زەوی دیکە لە سنووری پارێزگای هەولێر لە کارتەوە دەکرێنە سەنەد (تاپۆ دەکرێن).

کارەکە لەلایەن یەکەیەکی حکومییەوە بەڕێوەدەچێت و لوقمان عومەر، بەڕێوەبەری گشتیی تاپۆی خانووبەرە لە هەولێر لەوبارەوە ئاماژەی بەوەکرد، ئەو یەکەیە لەسەر ئاستێکی باڵا دامەزرێندراوە و لەژیر سەرپەرشتیی راستەوخۆی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستانە، بە هاوبەشی لەگەڵ فەرمانگەی تۆمارکردنی خانووبەرە و سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر و بە هەوکاری لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کشتوکاڵی پارێزگاکە.

لوقمان عومەر روونیشیکردەوە، پێویستە هاووڵاتییان سەردانی سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی شارەوانییەکان بکەن، بۆ ئەوەی "ئەو سەنەدانەی بەناوی شارەوانی کراون، بەناوی خۆیان تۆمار بکەن". گوتیشی: پڕۆسەکە بۆ ماوەی سێ مانگ بەردەوام دەبێت (01-05-2023 تا 01-08-2023).