هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت: تا 10ـی ئایار پێویستە تاوتوێکردنی پڕۆژەیاسای بودجە تەواو بێت

کۆبوونەوەی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت
کۆبوونەوەی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت

K24 - هەولێر:

هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت تا 10ـی ئادار مۆڵەت دەداتە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بۆ تەواوکردنی تاوتوێکردنی پڕۆژەیاسای بودجە.

رۆژی دووشەممە 1ـی ئایاری 2023، هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە بەغدا بە سەرۆکایەتی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و پێکهێنەرانی هاوپەیمانێتییەکە کۆبووەوە بۆ تاوتوێکردنی پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بودجە و جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنامەیەی حکومەت لەسەری پێکهێنراوە.

هاوپەیمانێتییەکە لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، زۆرینەی پێکهێنەرانی رێککەوتوون لەسەر ئەوەی، پێویستە تا 10ـی ئایار تاوتوێکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵانی دارایی 2023، 2024 و 2025 تەواوبێت و لەماوەیەکی نزیکدا پڕۆژەیاساکە پەسەند بکرێت.

درەنگانی شەوی چوارشەممە 5ـی نیسانی 2023، بە ئامادەبوونی 235 پەرلەمانتار،  ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵەکانی 2023 و 2024 و 2025 کرد.

رۆژی سێشەممە 4ـی نیسانی 2023، سیپان عەزیز، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە میانی بەشداریکردنی لە هەواڵەکانی ئابووری کوردستان24 بە محەممەد شوشی راگەیاند، هەردوو حکومەتی فیدڕاڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر چەندین خاڵ رێککەوتوون، پشکی هەرێمی کوردستان لە بوودجە 16 ترلییۆن و 690 ملیار دینارە، واتا مانگانە زیاتر لە ترلیۆنێک و 384 ملیار دینار دەکات، هەروەها خەرجی مانگانەی حکومەتی هەرێم بۆ مووچەی فەرمانبەران دەکاتە 910 ملیار دینار و 474 ملیار دیناریش بۆ وەبەرهێنان و خەرجیەکانی دیکە تەرخان دەکرێت.