گوندنشینانی بالیسانیش رێگەی سلێمانی و هەولێریان بە رووی بارهەڵگرەکان داخست

K24  - هەولێر:

گوندنشینانی بالیسان رێگەی سەرەکی هەولێر و سلێمانیان بەرووی هاتووچۆی بارهەڵگران داخستووە و دەشڵێن: "رێگەکەمان بۆ نۆژەنبکرێتەوە و رێگە بە هاتووچۆی بارهەڵگران دەدەین".

گوندنشینانی بالیسان رێگەی نێوان هەولێر و سلێمانیان داخستووە و داواکارن، رێگەکەیان بۆ نۆژەنبکرێتەوە کە شەش مانگە بە گوژمەی سێ ملیار و 700 ملیۆن دینار کەوتووەتە بواری جێبەجێکردن، بەڵام کۆمپانیاکە بە پاساوی ئەوەی سلفەی پڕۆژەکەی بۆ خەرج ناکرێت، کارەکانی وەستاندووە، هەوەها دەشڵێن"رێگەکەمان بۆ نۆژەنبکرێتەوە رێگە بە هاتووچۆی بارهەڵگران دەدەین".

ماوەی نزیکەی هەفتەیەکە هاووڵاتییانی کۆیە رێگەی سماقوڵییان بە رووی ئۆتۆمبێلی تەنکەر و بارهەڵگرەکان داخستووە و داوای تەواوکردنی رێگای سەرەکی هەولێر - کۆیە دەکەن.

لەلایەکی دیکەوە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، لەبارەی نۆژەنکردنەوەی رێگاوبانەکان ئاماژی بەوەکردووە، لەسەرەتای کابینەی نۆیەم لە ساڵی 2019 بە بڕی نزیکەی 42 ملیار دینار، زۆربەی رێگاکانی هەرێمی کوردستان چاککرانەوە و لە دۆخێکی زۆر خراپەوە گۆڕان بۆ رێگایەک کە لە خزمەت هاووڵاتییانی کوردستان بێت، دواترش بەردەوام بەپێی ئەو توانایەی لە بەردەستدا بووە چاککردنەوە لە رێگاکان بەردەوام بووە.

راشیانگەیاند، "چارەسەری سەرەکی بۆ کێشەی هاتووچۆ لەنێوان هەولێر و سلێمانی تەواوکردنی رێگای هەولێر کۆیەیە (بە هەر پێنج قۆناغەکەیەوە) کە لە ساڵانی ڕابردوو وەک وەزارەت هەوڵی زۆرمان داوە و چەندین جار داوامانکردوە کە بودجەی بۆ تەرخانبکرێت بەڵام بەداخەوە بە هۆی قەیرانی دارایی نەتواندراوە ئەم پرۆژە گرنگە دەستپێبکاتەوە، بەڵام خۆشبەختانە لە پلانی بودجەی 2023 وەک وەزارەت داوای بودجەی پێویستمانکردووە بۆ دەستپێکردنەوە و تەواوکردنی".

هەروەها وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن جەخت دەکاتەوە، کە تیمەکانیان دەخەنە خزمەتی هاووڵاتییان بۆ چاککردنەوە و نۆژەنکردنەوەی رێگا لاوەکییەکانی نێوان هەولێر و سلێمانی بەپێی ئەو توانایەی لەبەردەستیاندایە.