گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان قەتەر و بەحرەین دەستپێدەکاتەوە

گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان قەتەر و بەحرەین دەستپێدەکاتەوە
گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان قەتەر و بەحرەین دەستپێدەکاتەوە

K24 - هەولێر:

دوای شەش ساڵ لە وەستان، قەتەر و بەحرەین تاوتوێی دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی نێوانییان دەکەن، دوای بڕیاری ئاساییکردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان هەردوولا لە 12ــی نیساندا.

ئەمڕۆ دووشەممە (1ـی ئایاری 2023)، رۆژنامەی "ئەلشەرق"ـی قەتەری رایگەیاند، لە ئێستادا لایەنە پەیوەندیدارەکان تاوتوێی ژمارەی گەشتەکان و وادەی پێشنیازکراوی دەستپێکردنی گەشتە ئاسمانییەکان دەکەن، کە پێشبینی دەکرێت 15ــی ئەم مانگە بێت.

مانگی تشرینی دووەمی رابردوو، حکومەتی بەحرەین پشتڕاستی کردەوە کە کۆمپانیای گۆڵف ئێری بەحرەینی داواکارییەکی پێشکەش بە دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی قەتەر کردووە بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان هەردوو وڵات، بەبێ ئەوەی هیچ وەڵامێک لە دەوحە وەربگرێت.

راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان یەکێک بوو لە کاریگەرییەکانی بایکۆتی کەنداو کە لە 5ــی حوزەیرانی 2017 دەستیپێکرد، کاتێک سعودیە، ئیمارات، بەحرەین و میسر بڕیاریاندا پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانیان لەگەڵ قەتەر بپچڕێنن.

لەو کاتەدا ئەو چوار وڵاتە قەتەریان بە تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری بەحرێن تۆمەتبار دەکرد بە هاندان و پشتیوانیکردنی ئەو گرووپانەی دژ بە دەسەڵاتی ئەو وڵاتە ئاڵۆزییان لەناوخۆی بەحرێن دروستکردبوو.

دواتر سعوودیە  ئاشتەوایی لەگەڵ قەتەر راگەیاند، دوو ساڵ لەمەوبەر توانی میوانداری "لوتکەی ئەلئولا" بکات، کە شایەتحاڵی گەڕانەوەی پەیوەندییەکانی نێوان سعوودیە، ئیمارات و میسر بوو لەگەڵ قەتەر، بەڵام بەبێ ئەوەی پەیوەندییەکانی دەوحە و مەنامە ئاسایی ببێتەوە.

دوای کۆبوونەوەی لوتکەی ئەلئولا، سعوودیە راستەوخۆ پەیوەندییەکانی لەگەڵ قەتەر ئاسایی کردەوە، هاوکات کۆبوونەوەی دووقۆڵی لە کوێت ئەنجامدرا کە بەرپرسانی قەتەری لەگەڵ هاوتاکانیان لە ئیمارات و میسر بەجیا کۆبوونەوە.

لەلایەن خۆیەوە، بەحرەین دوو بانگهێشتنامەی فەرمی بۆ قەتەر نارد بە مەبەستی ناردنی شاندێک بۆ ئەنجامدانی دانوستانی دووقۆڵی لە بەحرەین بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشە هەڵپەسێردراوەکان و کێشەکانی نێوان هەردوولا، ئەمەش وەک جێبەجێکردنی ئەوەی لە بەیاننامەی لوتکەی ئەلئولادا هاتووە، بەڵام "قەتەر وەڵامی نەدایەوە.

ناوەڕاستی مانگی رابردوو لیژنەی دانوستانی هەردوو وڵاتی قەتەر و بەحرەین رەزامەندی لەسەر ئاساییەکردنەوە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان هەردوو وڵات نیشاندا.