سەرۆکی هەرێمی کوردستان و شاندێکی باڵای ئەڵمانیا کۆبوونەوە

K24 - هەولێر:

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەمیانی پێشوازیکردن لە شاندێكى باڵاى ئه‌ڵمانیا، ئاماده‌يى هەرێمی کوردستانی بۆ هه‌موو ئاسانكارييه‌ك بۆ كه‌رتى تايبه‌ت و وه‌به‌رهێنانى ئه‌ڵمانى نيشاندا.

ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ (1ـی ئایاری 2023)، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ شاندێكى باڵاى ئه‌ڵمانى كرد كه‌ پێكهاتبوو له‌ يۆخن فلاسبارس، وه‌زيرى ده‌وڵه‌ت بۆ هاريكاريى ئابوورى و گه‌شه‌پێدان و ڤێرنه‌ر گاتزه‌ر وه‌زيرى ده‌وڵه‌ت بۆ كاروبارى دارايى.

له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا كه‌ باڵيۆزى ئه‌ڵمانيا له‌ عێراق و كونسوڵى گشتيى ئه‌ڵمانيا له‌ هه‌ولێر ئاماده‌ى بوون، بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى ئه‌ڵمانيا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و دۆخى گشتيى عێراقيان تاوتوێ كرد.

شاندى ميوان وێڕاى ده‌ربڕينى به‌رده‌واميى پشتگيريى ئه‌ڵمانيا بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، خواستى وڵاته‌كه‌يان بۆ بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان له‌ هه‌موو بواره‌كاندا دووپاتكرده‌وه‌.

لەلاىەن خۆيه‌وه‌ نێچيرڤان بارزانى، وێڕاى ده‌ربڕينى سوپاس و پێزانينى هه‌رێمى كوردستان بۆ پشتگيرى و هاوكارييه‌كانى گه‌ل و حكومه‌ت و په‌رله‌مانى ئه‌ڵمانيا، دووپاتیكرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان خوازياره‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌ هه‌موو بواره‌كاندا له‌گه‌ڵ ئه‌ڵمانيا په‌ره‌ پێبدات، هه‌روه‌ها ئاماده‌يى بۆ هه‌موو ئاسانكارييه‌ك بۆ كه‌رتى تايبه‌ت و وه‌به‌رهێنانى ئه‌ڵمانى له‌ هه‌رێمى كوردستان نيشاندا.

كاريگه‌ريى گۆڕانى كه‌شوهه‌وا له‌سه‌ر عێراق و هه‌رێمى كوردستان، دوايين پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى و چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوون، هه‌روه‌ها ماڵئاوايى له‌ باڵيۆزى ئه‌ڵمانيا له‌ عێراق كرا كه‌ له‌ ماوه‌يه‌كى نزيكى داهاتوودا كۆتايى به‌ ئه‌ركه‌كه‌ى له‌ عێراق دێت و نێچيرڤان بارزانى هيواى سه‌ركه‌وتنى له‌ ئه‌ركى تازه‌يدا بۆ خواست.

0