کۆنفرانسی زانستی نێودەوڵەتی بە جینۆساید ناساندنی کوردانی فەیلی بەڕێوەدەچێت

کۆنفرانسی زانستی نێودەوڵەتی بە جینۆساید ناساندنی کوردانی فەیلی بەڕێوەدەچێت | وێنە: رێباز سیان - کوردستان24
کۆنفرانسی زانستی نێودەوڵەتی بە جینۆساید ناساندنی کوردانی فەیلی بەڕێوەدەچێت | وێنە: رێباز سیان - کوردستان24

K24 - هەولێر:

بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی و ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کۆنفرانسی زانستی نێودەوڵەتی بە جینۆساید ناساندنی کوردانی فەیلی لە شاری هەولێر بەڕێوەدەچێت.

ئەمڕۆ سێشەممە 2ـی ئایاری 2023، کۆنفرانسی زانستی نێودەوڵەتی بە جینۆساید ناساندنی کوردانی فەیلی بۆ قسەکردن لەسەر جینۆسایدکردنی کوردانی فەیلی، کە لە چەند قۆناغێکی جیاوازدا لەسەرەتای ساڵی 1980 تا کۆتاییەکانی ساڵی 1990 بەردەوام بوو، بەڕێوەدەچێت.

کۆنفرانسەکە بە هاوبەشی لەنێوان زانکۆکانی دهۆک، هەولێر و سۆران بەڕێوەدەبرێت و لە ژێر سەرپەرشیی راستەوخۆی بارەگای بارزانی بۆ ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت.

سەرۆک مەسعود بارزانی، بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق، مامۆستایانی زانکۆ و پەیمانگەکان و ژماریەکی زۆری مێژوونووس و چالاکوان لە ناوخۆ و دەرەوەی هەرێمی کوردستان بەشداری لە کۆنفرانسەکەدا دەکەن کە لە شاری هەولێر بەڕێوەدەچێت.

بەگوێرەی دوایین ئاماری پشتڕاستکراوە، تا ئێستا زیاتر لە 22 هەزار کوردی فەیلی بێسەروشوێنن و لە سەرەتای ساڵی 1980 تا 1990، 14 شوێنی کوردانی فەیلی بە تەواوەتی خاپوورکراون و بەشێکی زۆریان بە ناچاری رەوانەی سنوورەکان ئێران کران.